لە عێراق و کوردستان هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان دەنگیان دا، چاوەکان لەسەر هەڵبژاردنی گشتییە
پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، لەنێو هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، ڕێژەی بەشداری گەیشتووەتە 82.42% و داوای لە هەموو لایەک کرد بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، سبەی 11ـی 11 بەشداریی دەنگدانی گشتیی بکەن.
بنکەکانی دەنگدان لە کاتژمێر 7:00ـی بەیانییەوە تا 6:00ـی ئێوارە بەڕووی دەنگدەراندا کرانەوە. لەم پرۆسەیەدا، ملیۆنێک و 313 هەزار و 980 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و 26 هەزار و 538 ئاوارە مافی دەنگدانیان هەبوو.
ئەحمەد جاسم، یەکێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "بە شێوەیەکی زۆر دیموکراسی و بەبێ هیچ فشارێک دەنگمان دا و ئەو کەسەمان هەڵبژارد کە دەمانەوێت، هیوادارین دۆخەکە باشتر بێت."
لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل حوسێن، ئاوارەیەکی نیشتەجێی هەرێمی کوردستانە، گوتی: "ماوەی 10 ساڵە ئێمەی ئاوارە لە هەرێمی کوردستانین و دەنگی خۆمان داوە، داوای هەلی کار و باشترکردنی گوزەرانمان لە حکوومەتی نوێی عێراق دەکەین."
لیژنەیەکی باڵای ئەمنیی بۆ پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن پێکهێنراوە و هێزە ئەمنییەکان لەوپەڕی ئامادەباشیدان. قەیس محەمەداوی، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکان، ڕایگەیاند: "دوای تەواوبوونی پرۆسەکە، میمۆریی ئامێرەکان لە بنکەکانەوە بە شێوەیەکی پارێزراو دەگوازرێنەوە بۆ نووسینگەکانی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان، پاشان بە هێزێکی تایبەت و تۆکمە ڕەوانەی سەنتەری نیشتمانی لە بەغدا دەکرێن."
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان جەختی کردەوە، ئەنجامی دەنگدانی تایبەت بە جیا بڵاو ناکرێتەوە، بەڵکو لەگەڵ ئەنجامی دەنگدانی گشتییدا یەکدەخرێت و 24 کاتژمێر دوای کۆتاییهاتنی دەنگدانی گشتیی، ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێن. عومەر ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمسیاران، ڕێژەی بەشداریی بە 82.42% پشتڕاست کردەوە و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد هاوکار بن بۆ سەرخستنی تەواوی پرۆسەکە.
دوێنێ یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، کاتژمێر 7:00 بەرەبەیان دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و هێزە جیاوازەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە.
بڕیارە سبەی 11ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. لەم هەڵبژاردنەدا 20 ملیۆن و 404 هەزار و 291 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لە 8 هەزار و 703 بنکە و 39 هەزار و 285 وێستگە دەنگ دەدەن، هاوکات زیاتر لە 7 هەزار و 743 کاندید کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
