جەژنی خاوەنکار، نەریتێکی دێرینەی کوردەواری

جەژنی خاوەنکار، کۆنترین و گرنگترین ڕێوڕەسمی ئاینیی شوێنکەوتووانی ئاینی یارسان (ئەهلی حەق)، هەموو ساڵێک لە گوندی 'تووت شامی' لە شارۆچکەی داڵاهوو لە پارێزگای کرماشان بە شکۆیەکی زۆرەوە بەڕێوە دەچێت.

 ئەم گوندە، بەهۆی بوونی زیارەتگە پیرۆزەکانی یارسان، لەوانە تەکییەی حەیدەری، وەک یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی ئەم ئاینە ناسراوە و لە ڕۆژی جەژنی خاوەنکاردا، میوانداریی هەزاران زیارەتکار لە سەرانسەری ئێران دەکات.

 جەژنی خاوەنکار، هەموو ساڵێک لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم و دوای سێ ڕۆژ ڕۆژوو، لەلایەن شوێنکەوتووانی ئاینی یارسانەوە ساز دەکرێت.

 ئەم جەژنە کە هێمای سەرکەوتنی ڕووناکییە بەسەر تاریکیدا و نوێکردنەوەی پەیمانە لەگەڵ چاکە و خۆشەویستی. ڕەگ و ڕیشەی لە ڕووداوێکی مێژوویی گرنگی ئایینی یارساندا هەیە.

 بە گوێرەی دەقە پیرۆزەکانی ئاینی یارسان، جەژنی خاوەنکار، یادەوەریی ئەو کاتەیە کە پێشەوای ئەم ئاینە، سوڵتان سەهاک، لەگەڵ یارانیدا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە ئەشکەوتێکدا پەنایان گرت. دوای ئەم سێ ڕۆژە، دایکی سوڵتان سەهاک بە گۆشتی کەڵەشێر و برنج میواندارییانی کردووە.

 هەر بۆیە، شوێنکەوتووانی یارسان هەموو ساڵێک سێ ڕۆژ بەڕۆژوو دەبن و لە کۆتاییدا بە خوانێک، کە بریتییە لە گۆشتی کەڵەشێر و برنج، ڕۆژووەکەیان دەشکێنن.

ڕێوڕەسمی جەژنی خاوەنکار لە گوندی تووت شامی، چەندان داب و نەریتی تایبەتی لەگەڵدایە کە هێمای یەکێتی و باوەڕی شوێنکەوتووانی ئەم ئایینەیە، لەوانە:

 ڕۆژوو و پاڕانەوە: شوێنکەوتووانی ئایینی یارسان، سێ ڕۆژ پێش جەژن بەڕۆژوو دەبن و لەم ڕۆژانەدا خەریکی نزاو پاڕانەوە دەبن.

ژەنینی تەموورە و کەلامخوانی: یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی ئەم جەژنە، ژەنینی ئامێری پیرۆزی تەموورە و خوێندنی کەلام و سرودە ئایینییەکانە کە لە تەکیە و جەمخانەکاندا، بەتایبەتی لە تەکیەی حەیدەریی گوندی تووت شامی، بەڕێوە دەچێت.

خێرکردن و قوربانی: دوای کۆتایی هاتنی سێ ڕۆژ ڕۆژوو، ڕێوڕەسمەکە بریتییە لە قوربانیکردنی کەڵەشێر و لێنانی چێشتی خێرات. 

هەنار و نانە سوننەتییەکانی وەک 'گیردە' و 'کولێرە'ش لەم جەژنەدا دابەش دەکرێن.

لە ڕۆژی جەژندا، یارسانەکان سەردانی یەکتر دەکەن و جەژنە پیرۆزە لە یەک دەکەن. هەروەها سەردانی ئەو خێزانانەی کە لە ساڵی ڕابردوودا کەسێکی ئازیزیان لەدەست داوە و سەردانی گەورەکان و ساداتەکانی ئایینی یارسان، لە داب و نەریتەکانی دیکەی ئەم ڕۆژەن.

جەژنی خاوەنکار، جگە لە لایەنە ئایینی و مەزهەبییەکانی، ڕەهەندی قووڵی کولتووری و مێژووییشی بۆ پەیڕەوانی ئاینی یارسان لەم ناوچەیە هەیە و بە دەرفەتێک بۆ هاوپشتی و ڕێزگرتن لە باوەڕەکانیان دادەنرێت.

 
Fly Erbil Advertisment