کۆنسێرتی "هێلان" بە ژەنینی پیانۆ و کەمانچە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

کۆنسێرتێکی موزیکی بە هاوبەشیی پیانۆ و کەمانچە، لەلایەن  ژەنیارانی وەکو، یوسف نامیق و زانیار خەلیل، لە فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەوانی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.

شەممە، 28ی تشرینی دووەمی 2026، یوسف نامیق، ژەنیاری ئامێری پیانۆ بە کوردستان24ی راگەیاند، "لەو کۆنسیرتەدا تێیدا کۆمەڵێک گۆرانی و پارچە موزیکی  فۆلکلۆریی کوردی، لەگەڵ هەندێک پارچە موزیکی جیهانی، بە شێوەیەکی تایبەت پێکەوە تێکەڵ دەکرێن."

یوسف نامیق سەبارەت بە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکە گوتی، "ئەم کۆنسێرتە بە ناوی "هێلان" پێشکەش دەکرێت، دوێتییەکی موزیکییە لەنێوان دوو ئامێری موزیکی پیانۆ و کەمانچەدا؛ من   لەسەر پیانۆ و زانیار خەلیل لەسەر کەمانچە ژەنین ئەنجام دەدەین. هەردووکمان بۆ ئەم پێشکەشکردنە کۆمەڵێک گۆرانی و پارچە موزیکی فۆلکلۆریی کوردیمان ئامادە کردووە، هەروەها چەند پارچەیەکی موزیکی جیهانیمان لەگەڵ گۆرانی و موزیکی کوردی تێکەڵ کردووە، بە ئامانجی ئەوەی ئەزموونێکی موزیکی جیاواز و چەند رەهەندی بۆ ئامادەبووان پێشکەش بکەین."

ئەو ژەنیارە باسی لەوەش کرد، "لەو کۆنسێرتەدا پیانۆ و کەمانچە دوو ئامێری موزیکی دەبن لە رێگەی دەنگ و توانای ژەنینی ئێمەوە، رەنگ و هەستی جیاوازی پارچە موزیکییەکان دەردەخەین. پیانۆ بە دەنگ و ئاوازە فراوانەکەی و کەمانچە بە نەرمی و دەربڕینی هەستەکانی، دەرفەتێکی موزیکی دروست دەکەن بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمە کوردییەکان بە شێوازێکی جیاواز."

سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی کۆنسێرتەکە، یوسف نامیق دەڵێت، "یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم کۆنسێرتە، تێکەڵکردنی موزیکی فۆلکلۆریی کوردی لەگەڵ پارچە موزیکییە  جیهانییەکانە؛ ئەوەش دەریدەخات کە موزیک زمانێکی هاوبەشە و دەتوانێت لە رێگەی ئامێر و شێوازە جیاوازەکانەوە پەیوەندی لەنێوان کولتوورەکان دروست بکات. لەم پێشکەشکردنەدا موزیکی کوردی وەک بەشێک لە ناسنامە و میراتی کولتووریی کورد دەخرێتەڕوو، لە هەمان کاتدا بە تێکەڵکردنی لەگەڵ پارچە جیهانییەکان، رەهەندێکی فراوانتری موزیکی بە کۆنسێرتەکە دەبەخشرێت."

یوسف نامیق باس لە گرنگیی موزیکی فۆلکلۆری کوردی دەکات و دەڵێت، "موزیکی فۆلکلۆریی کوردی بەشێکی گرنگە لە بیرەوەریی کۆمەڵایەتی و کولتووریی گەلەکەمان؛ زۆرێک لە گۆرانی و ئاوازە کۆنەکان لە ماوەی نەوە بە نەوەدا پارێزراون و بەشێکیان لەگەڵ ژیان و رووداوە کۆمەڵایەتییەکاندا پەیوەندییان هەیە. پێشکەشکردنی ئەم بەرهەمانە لە چوارچێوەی هاوژەنیی پیانۆ و کەمانچەدا، جۆرێکە لە گەڕانەوە بۆ ئەو میراتە موزیکییە و هەوڵێکە بۆ پێشکەشکردنی بە زمانی ئامێرە موزیکییەکان."

ئەو ژەنیارە ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم جۆرە کۆنسێرتانە گرنگییەکی تایبەتییان هەیە، چونکە دەرفەت بۆ پێشکەشکردنی ئەزموونی هاوبەشی ژەنەرانی ئامێرە جیاوازەکان دەڕەخسێنن و رێگە بە گوێگران دەدەن تا لە نزیکەوە گوێ لە جۆرێکی دیکەی پێشکەشکردنی موزیک بگرێت. هەروەها بەردەوامیی ئەم چالاکییانە دەتوانێت ببێتە هۆی زیندوو راگرتنی ژیانی موزیکی لە هەولێر و دروستکردنی بوارێکی زیاتر بۆ ناساندنی توانای ژەنەرانی موزیک و ئەزموونە هونەرییە نوێیەکان."

کۆنسێرتی "هێلان"، بەبەشداری ژەنیارانی وەکو، یوسف نامیق و زانیار خەلیل، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 28ی تشرینی دووەمی 2026، لە فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەوانی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.