لە بابل 10 کەس بە تۆمەتی دزینی نەوت دەستگیر کراون
سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، هێزێکی هاوبەشی پۆلیسی بابل و تیمەکانی ئاسایشی نیشتمانی، لە ناوچەی ئەسکەندەرییە لە باکووری پارێزگاکە بۆرییەکی نەوتی کونبوویان دۆزییەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەکە رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان 10 کەسیان دەستگیرکرد، کە لەناو تۆڕێکی پسپۆڕ لە قاچاخچێتیی نەوتدا کاریان دەکرد. روونیشیکردەوە، رێکارە یاساییەکان بەرامبەر دەستگیرکراوەکان گیرانەبەر.
ئەم دەستگیرکردنە دوای ئەوە هات، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، مەودای هەڵمەتەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی نەوت فراوانتر کرد. ئەو هەڵمەتە لە جرف سەخر دەستی پێکرد و دواتر ناوچەکانی کەرکووکی گرتەوە، ئەوەش پاش دەرکەوتنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی کردەوەکانی قاچاخچێتی لە کۆمپانیای نەوتی باکوور.
لە رۆژانی رابردوودا پرسی بەقاچاخبردنی نەوت لە عێراق سەرنجی زۆری خرایە سەر؛ رۆژی چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستبەسەرداگرتنی مۆڵگەیەکی گەورەی بەقاچاخبردنی نەوت لە پارێزگای نەجەف راگەیاند، تێیدا ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر بە 20 بەرمیل و 12 تانکیی پڕ لە بەرهەمی نەوتی و تۆمەتبارێک دەستیان بەسەردا گیرا. دواتریش لە رۆژی شەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئاشکرای کرد، دوای پشکنینی مەیدانی بۆ زێدەڕۆیی و دزینی نەوت لە بۆرییەکی نەجەف لە نێو زەویی ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگا سەرۆکی لیژنەی وزە و براکەیدا کە خەندەقیان بە دەوری زەوییەکەدا هەڵکەندبوو، پێنج ئەفسەر و سێ کارمەندی پۆلیسی وزە دەستبەسەر کراون و فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگا و براکەی دەرچووە، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکان لە گومانی چالاکیی نایاسایی دیکە لە شوێنەکەدا بەردەوامن.