لاریجانی: شەڕ دەکەین بەڵام خۆمان ڕادەستی ڕۆژئاوا ناکەین
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕاگەیاندووە، ئێران بە هیچ جۆرێک ناکەوێتە ژێر باری قسەی و بێبنەما و خۆ سەپاندنی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە بەهێزی بەرانبەر وەحشیگەری مۆدێرن دەوەستین تەنانەت ئەگەر بگاتە شەڕ و ڕووبەڕووبونەوەش.
عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، دووشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕایگەیاند: دەرکەوت بەرنامەی ئەتۆمی ئێران تەنیا بیانوویەک بوو بۆ هێرشکردنە سەر گەلی ئێران، بەڵام ئێران ناکەوێتە ژێر باری خۆسەپاندن و قسەی بێ مانای زلهێزەکانی رۆژئاوا، ئەگەر وڵاتانی رۆژئاوا ئەجێندای خۆسەپاندن و دەسەڵاتدارییان نەگۆڕن هەڕەشەکان کارمان لێ ناکات و بە بەهێزی ڕووبەڕوویان دەبینەوە.
عەلی لاریجانی دوای جەنگی ئێران و ئیسرائیل لە حوزەیرانی ڕابردوو، پۆستی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانی پێدراوە، جەختی کردەوە: سەرەڕای ئەوەی ئێران هەمیشە بەدوای لابردنی سزاکاندا بووە، بەڵام لەم دواییانە هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئەمریکادا نەبووە، ئەمەش لە کاتێکدا هەفتەی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەکرد کە ئێران داوای لابردنی سزاکانی لە ئەمەریکا کردووە.
ڕاشیگەیاند: وڵاتانی ڕۆژئاوا مافی ئەوەیان نییە دەستوەردان لە توانا موشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران ئەنجام بدەن، وادیارە دەیانەوێت هێزی بەرگری گەلی ئێران تێک بشکێنن، بەڵام هەڕەشەکانی ئەمەریکا هیچ کاریگەری لەسەر ئیرادەی میللەتەکەمان نابێت و ئێران ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
گوتیشی بانگەشەکانی ترەمپ بۆ بەرقەراری ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە تەنیا قسەی ترەمپ نیە و دیدگەی ڕاستەقینەی رۆژئاوایە، دەیانەویت کەی ویستیان هێرش بکەنە سەر هەر وڵاتێک و پشێوی و بێ سەروبەری نێودەولەتی بخولقێنن، بەڵام ئەم پشێویانە پەشیمانیان دەکاتەوە.