بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم: پاراستنی بنکەکانی دەنگدان و ئاسایشی هاووڵاتیان ئەرکی سەرشانمانە

لیوا تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرجەم بنکەکانی دەنگدان بە گوێرەی پلانێکی داڕێژراو لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمەوە، دەپارێزرێن.

بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم، گوتی: ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو،  هێزە ئەمنییەکانی هەرێم بە شێوەیەکی زۆر ڕێک و پێک ئەرکی خۆیان لە پاراستنی ئارامیی و سەلامەتی بنکەکانی دەنگدان و هاووڵاتییاندا جێبەجێ کرد. لێرەوە زۆر سوپاسیان دەکەم و هیوادارم ئەمڕۆش تا کۆتایی پرۆسەی هەڵبژاردن، بە هەمان شێوە ئەرکەکانی سەر شانیان جێبەجێ بکەن.

لیوا تاریق ئەحمەد، گوتیشی: وەزارەتی ناوخۆ ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی پێک هێناوە و من خۆم سەرۆکایەتیی ئەو ژوورە دەکەم؛ هەموو دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان و کۆمیسۆنی هەڵبژاردن و وەزارەتی پێشمەرگە نوێنەریان لەو ژوورەدا هەیە. بە خۆشییەوە تا ئێستا هیچ گرفت و کێشەیەک ڕووی نەداوە. 

بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: لیژنەی باڵای ئەمنی بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ، هەماهەنگی تەواوی لەگەڵ لیژنەی ئەمنیی فیدارڵیدا هەیە. 

لیوا تاریق ئەحمەد، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ئێمە لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانەوە بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەین و لە ئەگەری ڕوودانی هەر گرفت و کێشەیەکدا، بە زووترین کات چارەسەری دەکەین.

بنکەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2025 کرانەوە و بڕیارە تاوەکوو کاتژمێر شەشی ئێوارە، پرۆسەی دەنگدان بەردەوام بێت، کە لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە 20 ملیۆن کەس مافی دەنگدان و هەڵبژاردنی 329 ئەندامی خولی نوێی پەرلەمانی عێراقیان هەیە، لە نێویاندا نۆ کورسی پەرلەمانی بۆ کۆتای پێکهاتەکانە.

 
Fly Erbil Advertisment