سەدر : کەمی بەشداریی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردن نیشانەی سزادانە

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی شیعە لە پەیامێکدا دەڵێت: کەمی ڕێژەی بەشداریی هاووڵاتییانی عێراق، نیشانەی سزادانی ئەوانەیە عێراقیان فرۆشتووە.

موقتەدا سەدر، سەرکردەی دیاری شیعەکان لە عێراق، ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لەسەر پێویستیی چاکسازی و ڕزگارکردنی وڵاتەکەی دەکاتەوە. 

سەدر، سەرەڕای بایکۆتکردنی لایەنگرانی لە پڕۆسەی هەڵبژاردن ڕایگەیاند: ئەوان دژی پڕۆسەی هەڵبژاردن نین، بەڵکو داوای دامەزراندنی دەسەڵاتێکی نیشتمانی ڕاستەقینە دەکەن کە بتوانێت عێراق ڕزگار بکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، سەدر ئاماژەی بەوەدا،  داخستنی دەرگاکانی دەنگدان و کەمبوونەوەی ژمارەی دەنگدەرانی بایکۆتکەر، نیشانەیەکە لە ناڕەزایەتی بەرانبەر فرۆشتنی عێراق و سزایەک بۆ ئەو لایەنانەی کە بەشدارن لەم کارەدا. 

ئەو بەرپرسیارێتیی تەواوی ئەم دۆخە دەخاتە ئەستۆی ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێت عێراق بەرەو لێواری مەرگ ببەن و وەک بوتڵێک فڕێی بدەن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا، سەدر ئەرکێکی قورسی خستە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دۆزینەوە و ئاشکراکردنی گەندەڵی و گەندەڵکاران، بە بڕوای ناوبراو، نابێت بەزەیی بە گەندەڵکاراندا بێتەوە، چونکە دیموکراسییەت لە عێراقدا بووەتە لاشەیەک بەهۆی ئەو مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییانەی کە تووشی بووە.

لە کۆتاییدا، سەید موقتەدا سەدر دووپاتی کردەوە عێراق بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پڕۆسەی سیاسی وڵات ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ناڕەزایەتییەکی زۆر بووەتەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment