کۆمیسیۆن: هەر کاندیدێک دوور بخرێتەوە دەنگەکانی بلۆک دەکرێت
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند، دەنگی هەر کاندیدێک بە هۆی سکاڵا و سەرپێچییەوە دوور بخرێتەوە بلۆک دەکرێت، دەنگەکان بۆ خۆی و حزبەکەشی هەژمار ناکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند، کۆمیسیۆن پابەندە بە وادەی دیاریکراو بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، هەروەها لە میانەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا، 39 سکاڵا دژی سەرپێچی و پێشێلکارییەکان تۆمار کراوە.
ئاماژەی بەوەکردووە، دوای لێکۆڵینەوەی لە سکاڵاکان، هەر کاندیدێک سەرپێچی ئەنجام دابێت، سزا دەدرێت، بە گوێرەی یاسا و ڕێکارەکان، دەنگی ئەو کاندیدە بلۆک دەکرێت، واتە ئەو ڕێژە دەنگەی کە هێناویەتی دوای دوور خستنەوەی بۆ لیست و حزبەکەشی هەژمار ناکرێت.
باسی لەوەشکردووە، لە بارەی سکاڵاکانەوە لیژنەیەکی تایبەتیان بۆ پارێزگای کەرکووک دروست کردووە، بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە سەرپێچیکاران.
ڕۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتیی و ڕۆژی یەکشەممەش، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەتی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت، 82.42% و لە دەنگدانی گشتیش، نزیکەی 54.5% بوو.
لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەوپێیەی زیاتر لە یەک ملیۆن و 80 هەزار دەنگی بردووەتەوە. یەکێتی نیشتمانیش کوردستانیش بە بەدەستهێنانی نزیکەی 535 هەزار دەنگ، لە ڕیزی دووەم دێت. یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش بە نزیکەی 165 هەزار دەنگ لە ڕیزی سێیەم دێت.
بڕیارە کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی بەرایی هەردوو دەنگدانی گشتیی و تایبەت بڵاوبکاتەوە.
