باڵیۆزی ئێران لە بەغدا: هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو
باڵیۆزی ئێران لە بەغدا سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە گەل و حکوومەتی عێراق پیرۆز دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، محەممەد سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی حکوومەت و گەلی عێراق کرد بۆ ئەنجامدانی "هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو."
هاوکات، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕاگەیەنراوێکدا پیرۆزبایی لە گەلی عێراق کرد بەبۆنەی بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکە.
گۆتێرێس لە پەیامەکەیدا جەختی لە گرنگی پێکهێنانی حکوومەتێک بە شێوازێکی ئاشتییانە و لەکاتی خۆیدا كردەوە، کە بتوانێت ویست و ئارەزووەکانی گەلی عێراق ڕەنگبداتەوە.
ڕۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتی و ڕۆژی یەکشەممەش، 09ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەتی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت، 82.42% و لە دەنگدانی گشتیش، نزیکەی 54.5% بوو.
لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەوپێیەی زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار دەنگی بردووەتەوە. یەکێتیی نیشتمانیش کوردستانیش بە بەدەستهێنانی نزیکەی 535 هەزار دەنگ، لە ڕیزی دووەم دێت. یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش بە نزیکەی 165 هەزار دەنگ لە ڕیزی سێیەم دێت.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕێژەی بەشداری و ئەنجامی بەرایی هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕادەگەیەنن.
