ئێران: دەبێت ئەمەریکا قەرەبووی زیانەکانی جەنگی 12 ڕۆژە بکاتەوە
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و مایکل عیمران کانۆ، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوا دەکات ئەمەریکا قەرەبۆی زیانەکانی جەنگی 12 ڕۆژە بکاتەوە.
عراقچی، لە نامەکەیدا نووسیویەتی، سەبارەت بە دەستدرێژییە ئاشکراکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، لە 13 تا 24ی حوزەیرانی 2025 دژی وڵاتەکەم، سەرنجی بەڕێزتان بۆ لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕادەکێشم سەبارەت بە ڕۆڵ و سەرکردایەتیی ئەو وڵاتە لە پشتیوانیی ئیسرائیل لە جەنگی 12 ڕۆژە و تاوانە جەنگییەکانی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە درێژەی نامەکەیدا دەڵێت: ئەم هێرشە، بۆ سەر خەڵکی سڤیل و ئامانجە ناسەربازییەکانی وڵاتەکەم بوو، کە بە پشتگوێخستنی تەواوی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتییەکان کرا و بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار و 100 مرۆڤی بێتاوان و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆری دیکە. هەروەها ژێرخانە ناسەربازییەکان ئێران، لەوانەش دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازانەکانمان کە لەژێر چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا بوون، بۆمباران کران.
عراقچی، داوا دەکات "بە پشتبەستن بەو خاڵانەی ئاماژەم پێ کردوون، ئەرکی سەرشانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە قەرەبووی سەرجەم ئەو زیانە مادی و مەعنەوییانە بکاتەوە کە بەهۆی ئەم پێشێلکاریانەوە بەر ئێران و هاووڵاتیانی کەوتوون."
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆتایی نامەکەیدا نووسیویەتی "پابەندبوون بە قەرەبووکردنەوەی زیانەکان، گەڕاندنەوەی دۆخەکە بۆ باری پێشوو و پێدانی قەرەبوو لەسەر بنەمای پرەنسیپە جێگیرەکانی یاسای نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت. کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە جددی چاوەڕوانە کە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش، بەگوێرەی بەرپرسیارییەتییان بەرامبەر پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بە ئامانجی دڵنیابوون لە لێپرسینەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل بەرانبەر بەم پێشێلکارییە زەقانە و بکەرانی ئەم تاوانانە بدەنە دادگا."
