ناوەندیی ئاماری ئێران: 70% ـی داهاتی خێزان بۆ خۆراک دابین دەکرێت
بەگوێرەی داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران سەدا70 داهاتی خێزانێکی چوار کەسیی ئێرانی بۆ دابینکردنی خۆراک تەرخان دەکرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە هەڵاوسان بەردەوام هەڵدەکشێت و کاڵا خۆراکییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ گرانتر دەبن. هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەڵێن، دۆخەکە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی تواناییی کڕینی خەڵک و حکوومەتییش هیچ پلانێکی بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕەوتی ڕوو لە گەشەی هەڵاوسان نییە.
ناوەندی ئاماری ئێران ڕایگەیاندووە، هەڵاوسانی سەبەتەی ستانداردی خۆراک لە مانگی ئەلوولدا گەیشتووەتە سەدا 68.9 و بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو، سەدا 13.5 زیادی کردووە. هاووڵاتییانیش دەڵێن، ڕێژەی هەڵاوسان بەردەوام لە گۆڕاندایە و لەوانەیە ئێستا پشکی خۆراک لە داهاتی مانگانەی خێزانێکی جووار کەسی سەرووی سەدا 80یش بێت.
محەممەد سەیدی، خاوەن مارکێت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەوانەیە ڕێگای هەڵئاوسان بگاتە سەدا 70 بۆ 80، ماددەخۆراکییەکان ڕۆژبە ڕۆژ گرانتر دەبن، داهاتی هاووڵاتییان بەشی دابینکردنی ماددە خۆراکییەکان ناکات.
ئەمجەد خزری، میوەفرۆش دەڵێت: بەرپرسی ئەم بارودۆخە حکوومەتە، چونکە چاودێری بازاڕ ناکات. فرۆشیاران بە ئارەزووی خۆیان نرخەکان بەرز و نزم دەکەنەوە کەسیش لێن ناپرسیتەوە.
هاووڵاتییانی دیکەش ئاماژە بە دابەزینی توانستی کڕینی خەڵک و نەبوونی پلانی حکوومی بۆ کۆنترۆڵی هەڵاوسان دەکەن.
ئەمجەد خزری، هاووڵاتی گوتی: گرانی گۆشت وای کردووە هاووڵاتییان نەتوانن مانگی جارێ زیاتر گۆشت بخۆن.
جوانڕۆ ئەمانی، هاووڵاتی باسی لەوە کرد، خەڵکی لەبەر کەمی دەرامەت ناتوانن خۆرکی کولێتی باش بکڕن.
بەپێی داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران نرخی خۆراک و خواردنەوەکان لە ئێران لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو سەدا 64.3 زیادی کردووە و لەناو کاڵا خۆراکییەکانیشدا هەڵاوسانی نان و دانەوێڵە گەیشتووەتە سەدا 81.1.
