دوای بردنەوەی پارتی بە زیاتر لە ملیۆنێک دەنگ، نرخی زەوی و خانوو لە هەولێر بەرزدەبێتەوە

 هاووڵاتییان و کاسبکارانی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو لە هەولێر، باس لەوە دەکەن کە دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان توانیویەتی زیاتر لە ملیۆنێک دەنگ لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەست بهێنێت، نرخی زەوی و خانوو لەم شارەدا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، هۆکارەکەشی بۆ دڵنیایی بازاڕ دەگەڕێننەوە لە قایمبوونی پێگەی پارتی و چاوەڕوانی خزمەتگوزاری زیاتر لە چەند ساڵی داهاتوودا، هەروەها بەهێزبوونی پێگەی پارتی لە بەغدا وەک هۆکارێکی دیکەی دڵنیایی بازاڕی خانووبەرە دەبینرێت.

یەکێک لەو کەسانەی لە کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی کار دەکات، ئاماژەی بەوەدا کە هەمووان چاوەڕوانی چاڵنجی یەک ملیۆنی پارتەکەیان بوون لە هەڵبژاردنەکاندا، هەروەها کاتێک پارتی توانی ئەم ژمارەی دەنگە تێپەڕێنێت، سەلماندی کە متمانەی جەماوەری بەدەستهێناوە.

گوتیشی: حکوومەت لەو بەڵێنانەی بە خەڵکی دابوو لە گەیاندنی خزمەتگوزاریی وەک ڕێگەوبان، پشتێنەی سەوزایی، کارەبای 24 کاتژمێری و ئاوی 24 کاتژمێری، وایکردووە ڕۆژ دوای ڕۆژ نرخی زەوی لە هەولێر زیاتر بەرزبێتەوە، ئەو پێشنیازی کردووە کە لەبری زێڕ، خەڵک زەوی بکڕن، چونکە پڕۆژەکانی حکوومەت بەردەوام دەبن.

کڕیار و فرۆشیارێکی دیکەی زەوی و خانوو لە هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای هەڵبژاردن، جووڵە کەوتووەتەوە نێو بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی، ئەو دڵنیایی دا کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەهێزترین پارتی سیاسی دەبێت لە بەغدا، بەهۆی سەرکەوتنی چاڵنجی ملیۆنی و بەردەوامبوونی پڕۆژەکانی سەرۆک وەزیر مەسرور بارزانی.

کاسبکارێکی دیکەش لە بازاڕی خانووبەرە بۆ کوردستان24 ڕوونی کردەوە، پڕۆژە و خزمەتگوزاری لە هەر ناوچە و شارێک هەبێت، نرخی خانوو و زەوی بەرزدەبێتەوە، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە خەڵکی تەواوی عێراق چاویان لەسەر هەولێرە و وەک ناوەندێکی گرنگی ئابووری و خزمەتگوزاریی سەیری دەکەن.