کەمئاوی و گۆڕانی کەشوهەوا سامانی ئاژەڵ و ماسی لە عێراقدا بەرەو لەناوچوون دەبات

 کەمئاوی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، وایکردووە سامانی ئاژەڵ و ماسی لە عێراقدا بە شێوەیەکی مەترسیدار ڕوو لە کەمبوونەوە بکات، بە جۆرێک کە ڕێژەی مەڕوماڵات و مانگا بە نزیکەی 70% و سامانی ماسی بە 60% کەمیکردووە، ئەم دۆخە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت و بەرهەمەکانی شیرەمەنی بە نزیکەی دوو هێندە.

گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە نەک تەنها کاریگەری لەسەر هاووڵاتییانی عێراق هەبووە کە ناچار بە کۆچی ژینگەیی بوون، بەڵکو بووەتە کارەساتێکی گەورە بۆ سامانی ئاژەڵ و زەوییە کشتوکاڵییەکان. عێراق کە پێشتر بە سامانی ئاژەڵ و بەرهەمی کشتوکاڵی دەوڵەمەند بوو، ئێستا بەهۆی وشکەساڵییەوە جووتیاران و ئاژەڵدارانی تووشی نەهامەتییەکی گەورە کردووە.

ڕۆژنامەی عەرەبی جەدید بڵاویکردووەتەوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، پارێزگاکانی موسەننا، زیقاڕ، و میسان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە لەدەستدانی سامانی ئاژەڵدا. کەمئاوی و کەمی بەردانەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە بووەتە هۆی وشکبوونەوەی زۆنگاوەکانی پارێزگاکانی زیقاڕ، موسەننا و بەسڕە.

ئاشکرا کراوە کە زۆرترین زیان بەر سامانی ئاژەڵ کەوتووە و بە ڕێژەی 70% کەمیکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی نرخی گۆشت و بەرهەمە شیرەمەنییەکان بە ڕێژەی 25% بۆ 40%.

لەدەستدانی سامانی ماسی لە پارێزگاکانی باشووری عێراق، کە یەکێک بووە لە سامانە گەورەکانی وڵات، لە پلەی دووەمی زیانەکاندا دێت و بە ڕێژەی 60% کەمیکردووە، هۆکاری سەرەکی ئەمەش کەمئاوی و وشکبوونەوەی ڕووبار و ڕووبەرە ئاوییەکانە.

سەبارەت بە زەوی کشتوکاڵی، زیاتر لە 50%ی ڕووبەری داچێنراو کەمیکردووە، کە هۆکارەکەی کەمی ئاو و پاشەکشەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵییە.

ئەم دۆخە نالەبارە، جگە لە زیانگەیاندنێکی زۆر بە سامانی ئاژەڵ و ماسی و بەرزبوونەوەی نرخی ئالیك، بووەتە هۆی زیادبوونی کۆچی خەڵک لە گوندەکانەوە بەرەو شارەکان.