كۆمیسیۆن: پێش پەسەندکردنی ناوی کاندیدان سکاڵاکان یەکلایی دەکرێنەوە

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دووپاتی کردەوە، كاری له‌پێشینه‌یان یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی تانه‌ و سكاڵاكان ده‌بێت، دواتر ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنرێت.

هەینی، 14ـی تشرینی دووەمی 2025، نبراس ئه‌بو سۆده‌، جێگری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی ڕاگەیاند: كاری له ‌پێشینه‌ی كۆمیسیۆن یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی تانه‌ و سكاڵاكان ده‌بێت، له‌گه‌ڵ چاره‌کردنی کێشەی ئه‌و وێستگانه‌ی كه‌  تا ئێستا ئه‌نجامه‌كانی نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ كۆمیسیۆن، هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ ڕێگه‌یه‌كی دیكه سندوقه‌كانی ده‌نگدان‌ بگوازنه‌وه‌.

جێگری گوتەبێژی کۆمیسیۆن، ئاماژە بەوە کرد، دوای ئەوەی ئەنجامە بەراییەکان ڕاگەیەنران، لەو کاتییەوە دەستان کردووە بە وەرگرتنی سکاڵاکان لە بارەی پرۆسەکە، هەروەها ئەو پرسە لەگەڵ دەستەی دادوەریی کۆمیسیۆن یەکلایی دەکرێتەوە و، دواتر لە ئەنجامی کۆتایی ئاگادار دەکرێنەوە.

جەختی لەوەش کردەوە، دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی و یه‌كلاییبوونه‌وه‌ی تانه‌ و سكاڵاكان، كۆمیسیۆن به ‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردنی، ئه‌نجامەکە ڕه‌وانه‌ی دادگای باڵای فیدراڵی ده‌كات، كه‌ تیایدا ناوی براوه‌كان و ژماره‌یان دیاریی ده‌كرێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی 329 كورسییه‌كه‌ی په‌رله‌مان.

پێنجشەممە، 13ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردبوو، کە 101 سکاڵایان سەبارەت بە پرۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەت پێگەیشتووە، کە 44ـیان پەیوەندیی بە دەنگدانی تایبەتەوە هەیە، 57 سکاڵاشیان پەیوەندیی بە دەنگدانی گشتییەوە هەیە.

ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئەو سکاڵایانەی کە تا ئێستا پەیوەست بە دەنگدانی گشتی و تایبەتدا تۆمار کراون، ژمارەیان کەم بووە و کاریگەرییان لەسەر ئەنجامەکان نابێت، چونکە سکاڵاکان وەک جۆری ڕەنگی سوور پۆلێن نەکراون.

ڕۆژی یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەت و دوو ڕۆژ دواتریش سێشەممە، دەنگدانی گشتی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.

بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت، 82.42% و لە دەنگدانی گشتیش، نزیکەی 54.35% بوو. 

 
Fly Erbil Advertisment