فیلمی کوردی "دەریای هیوا" لە فێستیڤاڵی فیلمی هالێلویای ئیتاڵیا کاندید کرا
فێستیڤاڵی فیلمی هالێلویا بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنێت کە فیلمی "دەریای هیوا" لە دەرهێنانی جەبرائیل ئەبوبەکر، فیلمسازی کورد، لەنێو 5 هەزار و 800 فیلمی بەشداربوودا هەڵبژێردراوە و بە فەرمی کاندیدە بۆ بردنەوەی خەڵاتی پێشبڕکێی ساڵی 2025.
فێستیڤاڵەکە کە لە شاری ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت و ماوەی هەشت ڕۆژ دەخایەنێت، فیلمی "دەریای هیوا" لە چوارچێوەی چالاکییەکانیدا نمایش دەکات.
فیلمەکە لە ڕۆژانی 6 تا 13ـی کانوونی دووەمی 2025، بۆ ماوەی 72 کاتژمێر بە شێوەی ئۆنلاین و بە خۆڕایی بۆ بینەران لە سەرانسەری جیهان بەردەست دەبێت.
کورتە فیلمی "دەریای هیوا" چیڕۆکی ئەو ژیانە مرۆییە وێرانکەرانە دەگێڕێتەوە کە جەنگ بەسەر خەڵکی مەدەنییدا دەیهێنێت. فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر شوێنەوارە قووڵە دەروونی و جەستەییەکانی ئاوارەبوون و بەدوای گەشتی ئەو کەسانەدا دەچێت کە ناچارن ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و لەپێناو ژیانێکی شایستە و سەلامەتدا، ڕێگا ترسناکەکان دەگرنەبەر کە لە هەر هەنگاوێکدا مەترسیی مردن و خنکان چاوەڕێیان دەکات.
