لە سلێمانی زۆرترین دەنگی پووچەڵ هەبووە
بە گوێرەى ئەو داتایانەى کە بڵاو بووەتەوە لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عیراق، بەراورد بە هەڵبژاردنى ساڵى ڕابردووى پەرلەمانى کوردستان دەنگى پوچەڵ لە پارێزگاى سلێمانى زیادى کردووە، بە بڕواى چاودێرانى سیاسی و شارەزایانى هەڵبژاردنیش یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکان فشارخستنە لەدەنگدەران بۆ ئەوەى تەنیا دەنگ بە لایەنێکى دیاریکراو بدەن .
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ئەم جارە لە پارێزگاى سلێمانى تەواو جیاواز بوو، بە جۆرێک لە هەردوو دەنگدانى تایبەت و گشتىی زیاتر لە 92 هەزارو 778 دەنگى پووچەڵ تۆمار کراوە، لە کاتێکدا هەڵبژاردنى ساڵى ڕابردوو تەنیا 71هەزار دەنگى پوچەڵ هەبووە، بەرپرسێکى پارتىش هۆکارەکە بۆ سزادانى لایەنێکى دیاریکراوى سلێمانى دەگەڕێنێتەوە.
مەریوان عەلى، کارگێڕى لقى چوارى پارتى دیموکراتى کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ناڕازی بوونە بەو جۆرە سیاسەتەی لەم شارەدا هەیە، چونکە بە فشاری دەنگ بە خەڵک دراوە و لە بەرامبەر داوای ڤیدیۆ، کامێراو فۆتۆی لێ کراوە. دەیان کەس هەیە پەیوەندیی کردووە داوای ڤیدیۆی دەنگەکەی کردووە ئەو کاتەی کە دەنگی داوە بە لایەنی دیاری کراو دوای ئەوەی کە دەنگەکەی داوە سوتاندویەتی.
بە بۆچوونی شارەزایەکی هەڵبژاردن، هۆکارێکى دیکەى زۆرى دەنگى پووچەڵ لە سلێمانى نەشارەزایی دەنگدەران بووە لە کاتى پرۆسەى دەنگدان، چونکە بەپێی ئەم بەڵگانە، دەنگى پووچەڵ لە دەنگدانى تایبەتیش لە سلێمانى زۆر بووە .
یاد کاروان، شارەزاى هەڵبژاردن دەڵێت: دەنگدەر توانیویەتی ئازادانە دەنگی خۆی بدات، ناڕازییە بەوەی کە تۆ فشاری لێ بکەی بتەوێ دەنگ بدات بەو پارتەی کە دڵخوازی خۆی نییە، لە بەرامبەردا تۆ داوای وێنەی لێ دەکەی مەرجە کە وێنەکە بگرێتەوە هەرچەندە بردنە ژورەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بە تایبەت مۆبایل بە هەموو شێوەیەک ڕێگا پێنەدراو بوو بەڵام دەنگدەر کە فشاری لێ کرابێت، خۆیان وەکو هۆکار باسی دەکەن خەممان لەوەیە مووچەکەمان ببڕێت یان دوا بکەوێت.
بە گوێرەى ئامارەکانى کۆمیسیۆن، لە پاڕیزگاى سلێمانى یەک ملیۆن و227 هەزارو 460 کەس مافى دەنگدانیان هەبووە، بەڵام تەنیا حەوت 738 هەزار و 285 کەس بەشدارى پرۆسەکەیان کردووە، بەو پێەش ڕیژەى دەنگدان لە سلێمانى لەسەدا 60.15 بووە.
بەرزیی ڕێژەی بایکۆت و دەنگی پووچەڵ لە سلێمانی جێگای هەڵوێستە لەسەر کردنە، بە بڕوای بەشێک لە چاودێرانی سیاسیش بەرزی ئەو ڕێژەیەی بایکۆت و دەنگی پووچەڵ، پەیامی جۆراو جۆری بۆ لایەنی دەسەڵاتداری ئەم شارە تێدایە کە ئەوان دروشمیان ناوێت تەنیا خزمەت و پڕۆژەیان دەوێت.
