سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان: نزیکەی ساڵێکە حزبوڵڵا هیچ هێرشێکی نەکردووەتە سەر ئیسرائیل

نەبییە بەڕی، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان
نەبییە بەڕی، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان

سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان، ڕایگەیاند: حزبوڵڵای لوبنان لە ماوەی 11 مانگی ڕابردوودا، تەنانەت یەک فیشەکی بە ڕووی ئیسرائیلدا نەتەقاندووە، هەموو جیهان و چاودێرانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەو ڕاستییە دەزانن.

ئەمڕۆ شەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2025، نەبییە بەڕی، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان، لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کرد، لوبنان هەموو ئەو ئەرک و مەرجانەی بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوانیان لە گەڵ ئیسرائیل هەیبووە بە تەواوی و بێ کەموکوڕی جێبەجێی کردوون، لە بەرانبەردا ئیسرائیل هیچ مەرجێکی جێبەجێ نەکردووە. 

ئاماژەی بەوەش کرد، قاچاخیکردن بە چەک لە لایەن حزبوڵڵاوە لە ڕێگەی ئاویی، وشکانی و ئاسمانیی، کە باس کراوە دوورە لە ڕاستییەوە.

لە بارەی لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کە گوتبووی، حزبوڵڵای لوبنان خەریکی خۆڕێکخستنەوە و ئامادەکارییە، نەبییە بەڕی ڕایگەیاند: ئەوە شتێکی ئاساییە و مافی یاسایی هەر حزب و ڕێکخراوێکە کاروبارەکانی ناوخۆی خۆی ڕێک بخاتەوە. 

پێشووتر ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردبوو، حزبوڵڵای لوبنان، لە ساڵی ڕابردووەوە بە پاڵپشتی ئێران، ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دەکات.

سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان، سەرنەجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، تەنیا لە ماوەی ئەمساڵدا، نزیکەی یەک ملیار دۆلار هاوکاری لە لایەن ئێرانەوە دراوە بە حزبوڵڵای لوبنان، هاوکات لە بواری پلاندانان و ستراتیژەوە ئێران بەردەوام هاوکارییان دەکات و دەیەوێت دژی ئیسرائیل بە وکاریان بهێنێت. 

بە هۆی ئامادەکارییەکانی حزبوڵڵای لوبنان، ماوەیەکە پەیوەندییەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بەرەو خراپی دەڕوات، بەم هۆیەشەوە چەندین جار ئیسرائیل هێرشی مووشکی کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی لوبنان بە بیانوی هەبوونی ئەندامانی حزبوڵڵا لەو شوێنانە، هەروەها لە لایەکی دیکەوە ئیسرائیل کۆگاکانی چەکی لە سووریا بۆردومان کردووە و لە ناوی بردوون، چونکە بە سەرچاوەیەکی مەترسی دەزانێت، پێ یوایە لەو ڕێگەیەوە چەک و پێداویستی سەربازی دەگاتە دەستی حزبوڵڵای لوبنان.

 
Fly Erbil Advertisment