دەم پارتی داوای هەڵگرتنی قەییوم لەسەر شارەوانییەکان دەکات
دەم پارتی لە شاری دیاربەکر، کۆبوونەوەیەکی بە ناوی "کۆبوونەوەی هاوشارەداران و هاوسەرۆکانی ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان" ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا، هاوسەرۆکانی دەم پارتی جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە دەستبەجێ سیستەمی قەییوم هەڵبوەشێنرێتەوە و ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم کارەکانی شارەوانییەکاندان لاببرێن.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، ڕایگەیاند: ئەگەر باس لە پرۆسەی دیموکراسی دەکەین، ئەوا پێویستە سەرەتا ئەم قەییومانە لەناوببرێن.
هاوکات، ئەو هاوشارەدارانەی کە قەییوم لە شوێنیان دانراوە، ئاماژەیان بەوەدا، ناکرێت لە لایەکەوە باسی ئاشتی بکرێت و لە لایەکی دیکەوە سیستەمی قەییوم بەردەوام بێت.
عەبدوڵڵا زەیدان، هاوسەرۆکی شارەوانیی وان، گوتی: هیوادارین دەسەڵات و دەوڵەتی تورکیا بە جددییەتەوە هەنگاو بنێن. ئەگەر ئاشتییەک بێتە ئاراوە، ئەگەر تێکۆشانی چەکداری بوەستێت و ڕێگایەکی نوێی سیاسەتی دیموکراتی دەست پێ بکات، پێویستە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان کۆتایی پێبێت و شارەوانییەکان ڕادەستی گەل بکرێنەوە.
بەرپرسانی دەم پارتی جەخت لەوە دەکەنەوە بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری و بەهێزکردنی متمانەی گەل بە پرۆسەکە، پێویستە زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن و ئەو شارەوانیانەی بە ویستی گەل بەدەستهاتوون، ڕادەستی گەل بکرێنەوە.
ڕوشتو تریاکی، جێگری هاوسەرۆکی دەم پارتی، ڕایگەیاند: دەرفەتێک هەیە. پێویستە دەسەڵات هەنگاوی جددی بنێت. ئەگەر قەییوم بەردەوام بێت و هاوسەرۆکەکانمان وەک سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ لە زیندان بمێننەوە، گەل ئەمە قبوڵ ناکات. چیتر هیچ بنەمایەکی سیاسی و یاسایی بۆ مانەوەی قەییومەکان نەماوە.
بەرپرسانی دەم پارتی چاوەڕوانن پێش سەری ساڵ، لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی قەییوم و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، هەنگاوی جددی بنرێت و لە ساڵی نوێشەوە دەست بە داڕشتنەوەی یاسایەکی نوێ بکرێت.
