به‌شیر حه‌داد: دژایه‌تی هه‌ندێك لایه‌ن بۆ تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه‌یاسای قه‌رز راگه‌یاندنی شه‌ڕه له دژی هه‌رێمی كوردستان
ماوه‌ی 50 رۆژه فه‌رمانبه‌رانی عێراق مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه
K24- هه‌ولێر:
به‌شیر حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی پرۆسه‌ی ده‌نگدان به پڕۆژه‌یاسای قه‌رز له په‌رله‌مان گوتی: باوه‌ڕ ناكه‌م به‌بێ كورد ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه تێپه‌ڕێندرێت و گوتیشی: ئه‌و پڕۆژه یاسایه ته‌نیا بۆ ماوه‌ی ئه‌و دوو مانگه‌یه كه له‌ئه‌مساڵ ماون.
ئه‌م گوتانه‌ی به‌شیر حه‌داد له كاتی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24 هاتوون و دووپاتی كرده‌وه، ناكرێت په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بخزێنرێته ناو ئه‌و پڕۆژه یاسایه، بۆ ئه‌وه‌ی كۆسپ بخه‌نه به‌رده‌م تێپه‌ڕاندنی.
وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "له سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی دارایی له په‌رله‌مانی عێراق، ئه‌وان روونیان كردووه‌ته‌وه كه ئه‌مه یاسای قه‌رزه نه‌ك یاسای بودجه، گوتیشی: پێمان راگه‌یاندوون، كه پرسی راده‌ستكردنی نه‌وت و پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی گشتی، له پڕۆژه یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021 شوێنی بۆ ده‌كرێته‌وه و دوای كه‌متر له مانگێكی دیكه پڕۆژه‌كه دێته په‌رله‌مان و له‌وێ گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌كه‌ین".
جه‌ختیشی كرده‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و پڕۆژه یاسایه تێنه‌په‌ڕێندرێت، ئه‌وا كاریگه‌ری له‌سه‌ر بژێوی ته‌واوی عێراقییه‌كان هه‌یه، بۆیه پێویسته پڕۆژه یاساكه وه‌ك خۆی ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.
سه‌باره‌ت به‌و كۆسپانه‌ش كه هه‌ندێك لایه‌ن ده‌یخه‌نه به‌رده‌م بڕگه‌ی پێنجه‌م له پڕۆژه یاسای قه‌رز، كه تایبه‌ته به هه‌رێمی كوردستان، به‌شیر حه‌داد گوتی: "پێموایه هه‌ندێك لایه‌ن هه‌ن ده‌یانه‌وێت ئه‌و پڕۆژه یاسایه بكه‌نه ده‌روازه‌یه‌ك بۆ دژایه‌تیكردنی مسته‌فا كازمی و كۆسپ بخه‌نه به‌رده‌م حكومه‌ته‌كه‌ی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كورد و پرسی نه‌وتیان كردووه‌ته بیانوو".
هه‌روه‌ها گوتی: "هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن بۆ ئه‌وه‌ی له كاتێكی نزیكدا ئه‌و پڕۆژه یاسایه به به‌شداری ته‌واوی كوتله‌كان تێپه‌ڕێندرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر وه‌ك ئێستا هه‌ندێك لایه‌نی شیعه و سوننه سووربوون له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆیان و له‌سه‌ر رێگركردنی ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بوون، ئه‌وا ئێمه وه‌ك فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان بڕیارمانداوه بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌كه بكه‌ین، به‌ڵام باوه‌ڕناكه‌م بگاته ئه‌و ئاسته‌ی كه پڕۆژه یاساكه به‌بێ كورد تێپه‌ڕێندرێت".
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ئاشكراشیكرد، "چه‌ند بژارده‌یه‌كمان خستووه‌ته به‌رده‌م ئه‌و لایه‌نانه، له‌وانه‌ش: یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه پرۆژه‌كه چۆن له حكومه‌ته‌وه هاتووه به‌و شێوه‌یه ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، دووه‌م: پێمان گوتوون كه چوارچێوه‌ی هه‌مان یاسای قه‌رز كه به‌ر له چه‌ند مانگێك بۆ قه‌رزی ده‌ره‌كی و ناوخۆیی ده‌نگمان پێدا بۆ پڕۆژه یاسای ئه‌مجاره‌ش دیاری بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت بتوانێت قه‌رز وه‌گرێت و كێشه‌كانی پێ چاره‌سه‌ر بكات، سێیه‌م: ئه‌گه‌ر بژارده‌كانی سه‌ره‌وه نه‌كران، پێشنیازمان كردووه بڕگه‌ی 5 له پڕۆژه یاساكه به‌ته‌واوی لاببرێت، به‌ڵام تا ئێستا به هیچ كامێك له‌و بژاردانه رازی نه‌بوونه و خۆیان لای خۆیانه‌وه بڕگه‌یه‌كی دیكه‌یان داڕشتووه و جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، كه پێویسته حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ئه‌مڕۆوه 250 هه‌زار تا 450 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه ره‌وانه بكات، ئینجا ئه‌و 320 ملیارهیان راده‌ست ده‌كه‌ین، كه بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان دیاریكراوه".
هه‌ر له‌و باره‌شه‌وه حه‌داد گوتی: "ئێمه له‌سه‌ر ئه‌وه رازی بووین كه له ئه‌مڕۆوه رۆژانه ئه‌و بڕه نه‌وته راده‌ستی به‌غدا بكه‌ین، به‌ڵام پێویسته له‌به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی به‌غدا به‌شی ئه‌وه‌ندی پاره به هه‌رێمی كوردستان بدات كه به‌شی مووچه و پێداویتسییه ئیدارییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم بكات، به‌ڵام ئه‌وان به‌مه‌ش رازی نه‌بوون، چونكه ئه‌وانه ده‌ڵێت: ده‌بێت ته‌واوی داهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر ته‌نیا ئه‌و 320 ملیاره راده‌ستی به‌غدا بكرێت، ئه‌مه‌ش سته‌مكارییه‌كی گه‌وره‌یه و وه‌ك راگه‌یاندنی شه‌ڕ له دژی هه‌رێمی كوردستان لێی ده‌ڕوانین و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌مه رازی نابین، بۆ ئه‌و مه‌سته‌ش سه‌رجه‌م فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان یه‌كده‌نگن".
وه‌ك به‌شیر حهدادا ئاماژه‌ی پێدا: "به‌و لایه‌نانه‌مان راگه‌یاندووه، كه نابێت كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی به‌غدا تێكه‌ڵ به پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بكرێت و رێگه به‌وه ناده‌ین بۆ موزایه‌داتی سیاسی ده‌ست بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ببرێت".
به‌شیر حه‌داد نه‌یشارده‌وه، كه هه‌میشه له تێپه‌ڕاندنی ئه‌و جۆره پڕۆژه یاسایانه و هاوشێوه‌كانی وه‌ك پڕۆژه یاسای بودجه له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه تووشی شه‌ڕێكی گه‌وره بوونه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت له كاتی تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه یاسای بودجه‌ی ساڵی 2019ـه‌ش شه‌رێكی گه‌وره‌تریان له پێناو چه‌سپاندنی پشكی كورد و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له پڕۆه یاساكه كردووه.
گوتیشی: ماوه‌ی نزیكه‌ی 50 رۆژه فه‌رمانبه‌رانی عێراق مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه، بۆیه ناكرێت چیتر ئه‌و پڕۆژه‌یه رابگیرێت و ده‌بێت هه‌رچی زووه تێپه‌ڕێندرێت.
H.B