بەوێنە و ڤیدیۆ... پێنج هەزار دەمانچەی بێ مۆڵەت لە هەولێر تێکشکێنران

دەمانچەی نایاسایی و بێ مۆڵەتی تورکین

K24 - هەولێر

لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر، ئەمڕۆ پێنج هەزار دەمانچەی بێمۆڵەت تێکشکێنران.

ئەو دەمانچانە، دەمانچەی نایاسایی و بێ مۆڵەتی تورکین، کە لەلایەن تیمەکانی ئاسایشەوە لە نێو شاری هەولێر و قەزا و ناحییەکانی پارێزگای هەولێر دەستیان بەسەردا گیراوە.

دەمانچەکان بەشێکیان کاتێک بەنایاسایی هێنراونەتە هەرێمی کوردستان، دەستیان بەسەردا گیراوە، بەشەکەی دیکەشیان بە دەست هاووڵاتییانەوە گیراون.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 12-11-2020) دەمانچەکان لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی باگردێنەوە بە چاودێریی لیژنەیەکی تایبەت لەنێو باڵەخانەی ئاسایشی هەولێر تێکشکێنران، دەمانچەکان بە تێکشکاوی دەبرێنە کارگەی ئاسن و لەوێش دەتوێنرێنەوە و دەکرێنەوە ئاسن.

پێشتر لە 14-9-2020 لە ماڵێکدا لە گەڕەکی هەولێری نوێ لە هەولێر، 1500 دەمانچە دەستیان بەسەردا گیرا. دەمانچەکان تورکی بوون، بە پارچە پارچەیی بە قاچاغ هێنرابوون و دواتر لە ماڵەکەدا کۆکرابوونەوە.

ملازم رەشوان ئازاد، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش ئەوکاتە بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، "ئەو جۆرە دەمانچەیە زۆر ترسناکە، چونکە هەرزانە و پێشتر خەڵک دەستگیرکراوە کە بەهۆی ئەو جۆرە دەمانچەیەوە خەڵکی کوشتووە".

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment