سزایەكەی كریستیانۆ رۆناڵدۆ یەكلایی دەبێتەوە

سەرۆكی وڵاتی پۆرتوگال لەبارەی كریستیانۆ هاتە دەنگ

كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ مارسێلۆ ڕێبێلۆ دی سۆزا، سەرۆکی پورتوگال
كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ مارسێلۆ ڕێبێلۆ دی سۆزا، سەرۆکی پورتوگال

چارەنووسی سزایەكەی كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە چەند رۆژی داهاتوو یەكلایی دەكرێتەوە و پێشبینی دەكرێت زیاتر بێت لە یەك یاری، لە بەرامبەردا سەرۆكی وڵاتی پۆرتوگال جەخت لەوە دەكاتەوە رۆناڵدۆ پەشیمانە لەوەی روویداوە.
دوای ئەوەی پۆرتوگال بە دوو گۆڵی بێوەڵام لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا بە ئیرلەندا دۆڕا، لەو یارییەدا كریستیناۆ رۆناڵدۆی تەمەن 40 ساڵ بە كارتی سوور كرایە دەرەوە.
مارسێلۆ ڕێبێلۆ دی سۆزا، سەرۆکی پورتوگال، دوای بردنەوەكەی وڵاتەكەی بەرامبەر ئەرمینیا بە ئەنجامی 9-1 رایگەیاند خۆزگە كریستیانۆ رۆناڵدۆ بەشداریی لەو یارییە كردبا، دەشڵێت: دڵنیام ئێستا رۆناڵدۆ پەشیمانە لەوەی روویداوە.
سەرەڕای ئامادەنەبوونی كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەو یارییە، بەڵام هەڵبژاردەی پورتوگال ئاستێکی سەرسوڕهێنەری پێشکەش کرد و سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و راستەوخۆ گەیشتە مۆندیالی 2026، لە یارییەكە هەریەكە جواو نێڤێس و برۆنۆ فێرناندێز هاتریکیان کرد، گۆڵەکانی دیکەشیان لەلایەن ڕیناتۆ ڤیێگا و گۆنكالۆ ڕامۆس و فرانسیسکۆ کۆنسێیساۆ تۆمارک كران.
بە گوێرەی پێگەی سكای سپۆرتسی بەریتانیا، پێشبینی دەكرێت سزای كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یەك یاری بۆ 3 یاری جێبەجێ بكرێت، تەنانەت ئەگەری ئەوە هەیە نەتوانێت بەشداریی لە دوو یاریی دەستپێكی مۆندیال بكات، لێژنەی تەمبێكردن لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا لە چەند رۆژی داهاتوو چارەنووسی سزای ئەستێرە پۆرتوگالییەكەی یانەی نەسری سعوودیە یەكلایی دەكاتەوە.
سەرۆكی پۆرتوگال لەبارەی ئامادەنەبوونی كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یارییەكەی ئەرمینیا رایگەیاند كریستیانۆ پێگەیەكی گەورەی لە دڵی هەموو هاونیشتیمانیانی دا هەیە، دەبێت رێزێكی زۆری لێ بگیرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پەشیمانە كەوتووەتە ئەو دۆخە.
مارسێلۆ ڕێبێلۆ دی سۆزا، سەرۆکی پورتوگال گوتیشی: كریستیانۆ كاپتنی ئێمەیە، وەكو كاپتن و سەركردەی هەڵبژاردەكەش دەمێنێتەوە، هەرچەندە زۆر سەرسامم بووم بە رووحیەتی یاریزانانی پۆرتوگال لە دژی ئەرمینیا، ئاستێكی زۆر سەرسوڕهێنەریان پێشكەش كرد.
دوای ئەوەی پۆرتوگال بە فەرمی بلیتی مۆندیالی 2026ـی مسۆگەر كرد، كریستیانۆ رۆناڵدۆ پەیامێكی دەستخۆشی بۆ یاریزانانی هاوڕێی نارد، لە لایەكی دیكەیشەوە سەرەتای ئەم مانگە لە كریستیانۆ لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند مۆندیال دەبێتە دوایین پاڵەوانێتی لە ژیانی وەرزشیدا و رەنگە دوای ساڵێك یان دوو ساڵی دیكە بە یەكجاری واز لە یاریكردن بهێنێت.

 

 
Fly Erbil Advertisment