کۆمیسیۆن: پارتی لە سێ پارێزگا یەکەمە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی ڕاگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان ملیۆنێک و سەد و یەک هەزار و 357 دەنگی بە دەست هێناوە، لە سێ پارێزگا  بووەتە هێزی یەکەم.
دووشەممە، 17ی تشرینی دووەمی 2025 کۆمسیۆنی بالای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی ڕاگەیاند و بە پێی ئەنجامەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەر سێ بازنەی هەڵبژاردنی هەولێر، دهۆک و نەینەوا  زۆرترین دەنگی دەنگدەرانی بەدەست هێناوە و لە پلەی یەکەمدایە.
بەگوێرەی ئەنجامەکانی کۆمسیۆن، تەنیا لەو سێ بازنەیە پارتی دیموکراتی کوردستان توانیویەتی 973 هەزار و 149 دەنگ بەدەست بهێنێت و بەمەش لەو سێ بازنەیە بووەتە خاوەنی 23 کورسی پەرلەمانی.
لە ئەنجامەکاندا دەردەکەوێت پارتی لە هەریەکە لە بازنەکانی هەولێر و دهۆک 9 کورسی بردووەتەوە و بەمەش لە کۆی 28 کورسی لەو دوو بازنەیە پارتی بە تەنیا  18 کورسی بردووەتەوە، هەروەها لە بازنەی نەینەوا 5  کورسی، لە سلێمانی 2 کورسی و لە کەرکووک 1 کورسی بەدەست هێناوە. ژمارەی دەنگەکانیشی بەمجۆرەن:

هەولێر 369 هەزار و 724 دەنگ
دهۆک 413 هەزار و 890 دەنگ
نەینەوا 189 هەزار و 535 دەنگ
 سلێمانی 68 هەزار و 834 دەنگ
کەرکوک  59 هەار و 374 دەنگ
یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەت و سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەم، دەنگدانی گشتیی و تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو.

 
Fly Erbil Advertisment