ھەرێمی كوردستان و ئەندەنوسیا پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەكان تاتوێ دهكەن
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان وڵاتی ئەندەنوسیا و ھەرێمی کوردستان زیادیکردووە
K24 – ھەولێر:
بۆ ئەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان، ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەندەنوسیا زیاد بکرێت، کۆنفرانسی گەشەی ئابووری ھێنرایە سلێمانی ولەڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەڕێوەچوو.
گەرچی کۆرونا زیانی زۆری بەئابووری تەواوی جیھان گەیاندووە و جموجوڵە بازرگانیەکانی کەمکردووەتەوە، کەچی بەپێچەوانەوە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان وڵاتی ئەندەنوسیا و ھەرێمی کوردستان زیادیکردووە.
بازرگانەکان باس لەوە دەکەن لەماوەی دروستبوونی کۆرۆنادا بە ملێونان دۆلار، ئاڵوگوڕی بازرگانیان کردووە لەگەڵ وڵاتی ئەندەنوسیا.
ساڵانە کۆنفرانسی ئابووری لەوڵاتی ئەندەنوسیا بۆ بازرگانان و بەرپرسان بەڕێوەدەچێت، تا ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاتر بکرێت، بەڵام ئەم ساڵ لەڕێگای ڤیدێو کۆنفرانسەوە بازرگانانی ھەردوو لا بیرۆکەی کاریان گۆڕییەوە.
سەرکونسوڵی وڵاتی ئەندەنوسیا لەعێراق، ئاماژی بۆ ئەوەدا، کە لەھەوڵدان ژمارەیەک کارگە بھێننە کوردستان تا لە لایەک کاربڕەخسێنن و لە لایەکی دیکەوە بەرھەمەکان بەکەمترین تێچوو بخرێنە بازارەکانەوە.
زیاد لە 30 بازرگان لە سنووری سلێمانی، لەگەڵ ئەندەنوسیا کاری بازرگانی دەکەن، ھەموو ئەو خۆراک و کەلوپەلانەشی ھاوردەی دەکەن دابەشی دەکەن بەھەموو ناوچەکانی عێراقدا.