خەمیس خەنجەر بۆ کوردستان24: بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەگەڵ پارتی کۆدەبینەوە
خەمیس خەنجەر ڕایگەیاند، لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لەگەڵ پارتی کۆدەبنەوە. گوتیشی، کۆڕبەندی مێپس بۆ داهاتووی ناوچەکە گرنگە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی "سەروەری"ـی عێراق، وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری ئیمان دەرباس، نێردراوی کوردستان24 بۆ شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2025)ـی دایەوە.
خەمیس خەنجەر سەرسامیی خۆی بە تەواوی کوردستان و گەلەکەی نیشان دا و دهۆکی بە شارێکی ئارام و زۆر جوان وەسف کرد.
سەرۆکی هاوپەیمانیی "سەروەری"، کۆڕبەندی مێپس بە یەکێک لە گرنگترین کۆڕبەندە زانستییەکانی عێراقی دەزانێت بۆ دەستنیشانکردنی دیدگایەکی دروست بۆ داهاتووی ناوچەکە. ئەو جەختی لەوە کردەوە، توێژینەوە و ڕاسپاردەکانی کۆڕبەندەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر گرنگ دەبن.
دەربارەی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری دان بە بوونی ئاڵنگاریی گەورەدا دەنێت و ڕایگەیاند، "ئێمە لە گفتوگۆداین لەگەڵ لایەنەکان بۆ ئەم مەبەستە." خەنجەر ئاماژەی بە نزیکیی نێوان هاوپەیمانییەکەی و پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و گوتی، "بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسە کۆدەبینەوە."
لە کۆتاییدا خەمیس خەنجەر پێی وایە، دەنگە زۆرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو حیزبەی کردووەتە لایەنێکی کاریگەر و سەرەکی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا. ئەمەش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، دهۆک، میوانداریی شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) کرد، کە وەک پلاتفۆرمێکی گرنگ بۆ گفتوگۆ لەسەر داهاتووی ناوچەکە خزمەت دەکات. کۆڕبەندەکە، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، بەڕێوە دەچێت و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە باڵا هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان ئامادەی بوونە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ سەدان سەرکردەی سیاسی، دیپلۆمات و کەسایەتی ئەکادیمی بەشداری ئەم کۆڕبەندەن.
ئامانجی سەرەکی MEPS ئەمساڵ، تاوتوێکردنی ململانێ و ئالنگارییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەگەڵ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی درێژخایەن و بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا.
