ویتکۆف لە ئیستانبوڵ لەگەڵ حەییە سەبارەت بە غەززە کۆدەبێتەوە
ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئیستانبوڵ لەگەڵ خەلیل حەییە، سەرۆکی دانوستانکاری حەماس کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هەوڵەکانی پاراستنی ئاگربەست لە غەززە. ئەمەش بە گوێرەی دیپلۆماتکارێکی عەرەبی کە ڕۆژنامەکە زانیارییەکەی لێ وەرگرتووە.
ئەمە دووەم کۆبوونەوەی نێوان ویتکۆف و حەییە دەبێت. کۆبوونەوەی یەکەمیان لەگەڵ چەند ئەندامێکی تیمی دانوستانکاری حەماس سەبارەت بە ئاگربەست، چەند کاتژمێرێک پێش واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لە میسر لە 9ـی ئۆکتۆبەردا ئەنجامدرا، کە هاوکات بوو لەگەڵ ئامادەبوونی جارید کوشنەر، ڕاوێژکاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا.
ئیدارەی ترەمپ پاڵپشتییەکی زۆر دەکات بۆ گواستنەوە بۆ قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، کە بریتییە لە چارەسەرکردنی کێشەی چەکدارانی حەماس کە لە شاری ڕەفەحی باشووری غەززە گیریان خواردووە.
حەماس و ئیسرائیل لە 10ـی ئۆکتۆبەر گەیشتنە ڕێککەوتنی ئاگربەست و ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیل، و تا ئێستاش ڕێککەوتنەکە، سەرەڕای هەندێک پەرەسەندن، بەردەوامە.
