مەزڵووم عەبدی سوپاسی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکات
مەزڵووم عەبدی سوپاسی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکات بۆ بانگهێشتکردنی بۆ کۆڕبەندی مێپس و دەڵێت "هیوادارم ئەنجامەکانی یارمەتیدەر بن لە چارەکردنی کێشەکانی ناوچەکە."
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دەیان سەرکردە و بەرپرسی حکوومی و حزبیی عێراق و کوردستان؛ سێیەمین ڕۆژی شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس25) دەستیپیکرد.
مەزڵووم عەبدی لە سێیەمی ڕۆژی ئەم کۆڕبەندە، گوتارێکی پێشکەش کرد؛ تێیدا سوپاسی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ڕێکخەرانی مێپسی کرد بۆ بانگهێشتکردنەکە. ئەو، خۆشحاڵی خۆی بە بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکە دەربڕی و گوتی "زۆر بە گەرمی پێشوازیمان لێ کراوە."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە هیواشی خواست، ئەنجام و ڕاسپاردەکانی شەشەمین کۆڕبەندی مێپس لە شاری دهۆک، یارمەتیدەربن لە چارەسەرکردنی کێشەکان و بەقەڕارکردنی ئاشتی لە ناوچەکە.
ڕۆژی دووشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2025، یەکەم ڕۆژی کارەکانی شەشەمین کۆڕبەندی مێپس لە شاری دهۆک دەستیپێکرد. لە ڕۆژی دووەمی کۆڕبەندەکە، سەرۆک بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بەشداری لە دیدارێکی تایبەتدا کرد.
لە هەمان ڕۆژ، ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە چەند پانێلێکی کۆڕبەندەکەدا کرد و تیشکیان خستە سەر دۆخی ئێستای ناوچەکە، ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ.
