نزیکەی نیوەی گەنجانی بەریتانیا پشت بە زیرەکی دەستکرد دەبەستن
زیرەکی دەستکرد بەهۆی ئەو تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەی هەیەتی، سەرەڕای کارئاسانی لە هەندێک بواردا، بەڵام خەریکە لە زیرەکی دەستکردەوە دەبێتە گۆشەگیرکردنی تاکەکان لە هەندێک لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا، بە تایبەت لە نێو توێژی گەنجاندا.
توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، نزیکەی 40%ـی گەنجانی بەریتانیا بۆ ڕاوێژی دەروونی یان هاندان و پشتیوانی، پەنا دەبەنە بەر زیرەکی دەستکرد، لە کاتێکدا زۆربەیان چاوەڕوانی پەیوەندییەکی ڕاستەقینەی زیاترن لە ژیانیاندا.
توێژینەوەکە لەلایەن ڕێکخراوی خێرخوازی "On Side" ئەنجامدراوە و دەریدەخات 20%ـی گەنجان کە زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنن، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە ئاسانترە لە قسەکردن بە بەراورد لەگەڵ مرۆڤ، هەروەها یەک لە 10ی گەنجەکان دەڵێن؛ هیچ کەسێک شک نابەن بۆ ئەوەی قسە یان ڕاوێژی لەگەڵ بکەن.
هەر لە توێژینەوەکەدا هاتووە، تەنیا 6%ـی ئەو کەسانەی کە قسە لەگەڵ چات بۆتەکان دەکەن، زیاتر متمانەیان پێیانە لەوەی متمانە بە کەسانی ڕاستەقینە بکەن.
توێژینەوەکە ئاماژەی بە خاڵێکداوە، هانا بردنە بەر زیرەکی دەستکرد، لەوانەیە بەهۆی ئەوە بێت، زیاتر بەو ئاراستەیە قسە دەکات کە کەسەکە پێی ئاسوودە دەبێت.
توێژینەوەکە لە ڕێگەی وەرگرتنی زانیاریی پێنج هەزار کەس کە تەمەنیان لەنێوان 11 تا 18 ساڵ بووە، پرسیاریان لە بارەی زیرەکی دەستکرد لێکراوە و دەرکەوتووە 76%ـی گەنجان زۆربەی کاتەکانی خۆیان لەسەر شاشەکان بەسەر دەبەن، ئەم ڕێژەیەش لە ساڵی 2023 تاوەکوو ئێستا بە جێگیری ماوەتەوە، ئەمەش وایکردووە، 48%ـی گەنجەکان کاتی دەستبەتاڵیان لە ژووری خەوتن بەسەر بەرن و نزیکەی %18ـیان کاتی دەستبەتاڵیان بە تەنیایی بەسەر ببەن.
جیمی ماسراف، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری "On Side"، ئاماژە بەوە دەکات کە "کێشە هاوبەشەکانی وەک تەنیایی، پشت بەستن بە تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی، گۆشەگیری، بوونەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی گەنجاندا.
هەر لە توێژینەوەکەدا ڕوونکراوەتەوە، تەنیا 14%ـی گەنجان کاتی دەستبەتاڵیان لەگەڵ هاوڕێکانیاندا بەسەر دەبەن، لە کاتێکدا 49% گەنجان، کات بەسەربردن لەگەڵ هاوڕێکانیاندا بە چێژ دەزانن.
ماسراف دەڵێت: ناتوانین ڕەخنە لە گەنجان بگرین کە بۆشایی کاتەکانیان لەڕێگەی زیرەکی دەستکردەوە پڕ بکەنەوە، چونکە کەمتر یەکتر دەبینن و کەمتر پەیوەندیی دروست دەکەن، چونکە شوێنی گونجاو بۆ کات بەسەربردنی گەنجان زۆر کەمە.
سەرەڕای ئەم هۆکارانەش، لێکۆڵینەوەکە هۆشداری جیددی دەدات لەبارەی کاریگەریی نەرێنی زیرەکی دەستکرد و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی وەک تەنیایی و گۆشەگیری لە نەوەی نوێی بەریتانیادا.
