مەسرور بارزانی لە مێپس: پارتی چەترێکە بۆ هەموو خەڵکی عێراق و کوردستان
ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکی تایبتەدا، لە پەراوێزی شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 25)، لە زانکۆی ئەمەریکی – دهۆک، ڕایگەیاند "کاتێک خزمەتکردنی خەڵک دەبێتە ئامانجی سەرەکیی حکوومەت، حکوومداری باش و بەڕێوەبەردن ئاسان دەبێت. ئێمەش لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەر ئەمەمان کردووە و هاووڵاتیمان کردووەتە سەنتەر. من پێموایە، لە هەڵبژاردنی ڕابردوو، هاووڵاتییان دەنگیان بەو حزبە سیاسییە دا کە خزمەتی خەڵک دەکات. پارتی خزمەتی هەمووانی کردووە، چەترێک بووە بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە عێراق و کوردستان دەژین. بە هۆی سەرکردایەتییەکەییەوە، هەموو ئایین و پێکهاتەکان باوەڕیان بە پارتی و بەرنامەکانی هەیە."
