ڕووسیا بە مووشەک و درۆن هێرشێکی گەورەی کردە سەر ئۆکرانیا

دیمەنی باڵەخانە وێرانکراوەکەی تێرنۆپێل. وێنە: ڕۆیتەرز
دیمەنی باڵەخانە وێرانکراوەکەی تێرنۆپێل. وێنە: ڕۆیتەرز

لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی و درۆنیی ڕووسیا بۆ سەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری تێرنۆپێل لە ڕۆژئاوای ئۆکرانیا، 19 کەس کوژران. 

چوارشەممە، 19ـی تشرینی دووەم 2025، بەرپرسانی ئۆکرانی ڕایانگەیاند "شەوی ڕابردوو، ڕووسیا بە 470 درۆن و 48 مووشەک، هێرشێکی فراوانی کردووەتە سەر ژێرخان و هێڵەکانی وزەی کارەبا و شوێنەنێشتەجێیەکانی ئۆکرانیا." 

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لە زاری بەرپرسانی ئۆکرانییەوە بڵاوی کردووەتەوە، هێرشەکەی ڕووسیا بووەتە هۆی پچڕانی تەزووی کارەبا لە ژمارەیەک شار و گوندی ئۆکرانیا، لە کاتێکدا شەپۆلێکی سەرما و بەستەڵەک وڵاتەکەی گرتووەتەوە.

ڕۆیتەرز، ئاماژەی بەوەش کردووە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 66 هاووڵاتی مەدەنی بریندار بوونە. زۆرترین زیانی گیانی لە شاری تێرنۆپێل لە ڕۆژئاوای ئۆکرانیا بووە، کاتێک مووشەکێکی ڕووسی بەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوتووە و نهۆمەکانی سەرەوەی باڵەخانەکەی وێران کردووە و ئاگر و دووکەڵێکی زۆر لە باڵەخانەکە بەرز بووەتەوە.

هەر لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، پۆڵەندا کە ئەندامی ناتۆیە و دراوسێی ئۆکرانیایە، بە شێوەیەکی کاتی، فڕۆکەخانەکانی ڕزێشۆڤ و لۆبلینی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی داخست و وەک ڕێوشوێنێکی خۆپارێزی، فڕۆکە جەنگییەکانی پۆڵۆنیا و ناتۆ، بە ئاسمانی وڵاتەکەدا فڕین.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕایگەیاند، لەوانەیە هێشتا کەسانێک لە  ژێر داروپەردووی باڵەخانە بۆمبارانکراوەکەی  تێرنۆپێل گیریان خواردبێت. 

زێلێنسکی، داوای لە هاوپەیمانەکانی کرد فشارەکانیان بۆ سەر ڕووسیا زیاد بکەن و مووشەکی بەرگریی ئاسمانی بۆ وڵاتەکەی دابین بکەن، تاوەکوو کۆتایی بە جەنگە چوارساڵییەکەی دژ بە ئۆکرانیا بهێنێت. 

زێلێنسکی بە میدیاکانی گوت: ئەم هێرشە بیشەرمانەی ڕووسیا بۆ سەر خەڵکی سڤیل، نیشانی دەدات کە هێشتا گوشارەکان بۆ سەر ڕووسیا بە ئەندازەی پێویست نین و دەبێ سزاکان کاریگەرتر بکرێن و هاوکاریی سەربازیی زیاترمان بدەنێ.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment