سەفین دزەیی: ئەگەر لایەنە کوردییەکان لە بەغدا کۆدەنگ نەبن، پارتی دەتوانێ سەنگی خۆی بسەپێنێت

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کۆدەنگی لایەنە سیاسییە کوردییەکان لەم قۆناغەدا دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر لە بەغدا، ئەگەر نا بەرەوپێشچوونەکانمان لە ژێر مەترسییدایە.

چوارشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2025، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: بەرەوپێشچوون و دەستکەوتە ئابووری و ژێرخانییەکانی هەرێمی  کوردستان، کە بەرهەمی ماندووبوون و دیدگای حەکیمانەی حکوومەتی هەرێمە ئێستا لە ژێر مەترسیی جۆراوجۆردایە.

گوتیشی: ڕەفتاری حکوومەتی فیدراڵی یەکێکە لە مەترسییەکانی سەر دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەشی بەوە دا، کە هەندێک لە سیاسەتمەداران بە عەقڵییەتی مەرکەزی ڕەفتار دەکەن بۆ ئەوەی ماف و  پێگەی هەرێمی کوردستان کە بە دەستوور پێی دراوە، زەوتی بکەن.

دزەیی ڕاشیگەیاند: لە قۆناغێکی گرنگداین چونکە هەڵبژاردن تەواو بووە و لە سەرووبەندی دەستپێکردنی دانوستانین بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، ئەگەر لایەنە کوردییەکان کۆدەنگ بن دەتوانن دەستکەوتی زیاتر لە بەغدا مسۆگەر بکەن، بەڵام ئەگەر ئەو کۆ دەنگییە دروست نەبێت پارتی دیموکراتی کوردستان دەتوانێت قورسایی و سەنگی خۆی فەرز بکات.

 
Fly Erbil Advertisment