هۆشیار زێباری: ناچینە حکوومەتێکەوە کە مافە دەستوورییەکانمان جێبەجێ نەکات

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: بەدەستهێنانی زیاتر لە ملیۆنێک دەنگ پێگەی پارتەکەی بۆ دانوستاندنەکان بەهێز کردووە، بەڵام پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق ئاسان نابێت.

چوارشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2025، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24ـدا، ئاماژەی بەوە دا، پارتی هێڵی سووری لەسەر هیچ لایەنێک نییە و دەرگای گفتوگۆی کراوەیە.

هاوکات جەختیشی کردەوە کە ناچنە نێو حکوومەتێکەوە ئەگەر پابەندی جێبەجێکردنی داواکارییە دەستوورییەکانی کورد نەبێت، لەوانە پرسی مووچە، یاسای نەوت و گاز، و ماددەی 140.

ئاشکراشی کرد کە دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق دەستیان پێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت شاندە عێراقییەکان سەردانی پیرمام بکەن.

سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار، زێباری بە مافێکی کوردی دانا کە بەردەوام دەبێت، بەڵام بەشێکە لە پاکێجێکی گشتگیر بۆ هەرسێ سەرۆکایەتییەکە.

لە کۆتاییدا، ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵەکان بۆ یەکڕیزی لەگەڵ یەکێتی لە بەغدا سەرکەوتوو نەبوون و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێمی کوردستان پرۆسەیەکی جیاوازە و پەیوەندیی بە بەغداوە نییە.

 
Fly Erbil Advertisment