دهنگی پوچهڵ له ههڵبژاردن زیادی کردووە
بە گوێرەی ئەو ئەنجامەى کۆمیسیۆن ڕایگەیاندووە دەنگى پووچەڵ لەهەموو پارێزگاکان ڕێژەکە بەراورد بە هەڵبژاردنى 2021یش بێت زیادى کردووە، چونکە لە 9% بۆ ئەم هەڵبژاردنەش بۆ لە 13% بەرز بووەتەوە چاودێرێکى سیاسى دەڵێت؛ دەستگیرکردنی سەرکردەکانى ئۆپۆزسیۆن لە شارەکە هۆکارێکن کە ڕێژەى دەنگى پووچەڵ زیاد بکات.
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ئەم جارە لە پارێزگاى سلێمانى تەواو جیاواز بوو، دەنگى پووچەڵ لە پارێزگاکە زیادبوونی تۆمارکردووە.
پارێزگاى سلێمانى 137،611 دەنگى پووچەڵبووە، لە هەولێر 116،900دەنگ و لە دهۆک 34،694 دەنگى پووچەڵبووە.
لەم خولەی هەڵبژاردن دا 290،205 دەنگ پووچەڵ بووە، بە ڕێژەی 53% زیادبوونی تۆمارکردووە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی ساڵی 2021 ئەمەش وەک ئاماژەیەکى ناڕەزایەتى، یاساى هەڵبژاردنیش بەهۆکارێکى دیکە دادەنرێت، چونکە کورسییەکان دیارى کراون.
جەبار عەزیز، سەرۆکى ماڵى سەرکەوتن بۆ گەشەپێدانى تواناکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کورسییەکانی هەرێم دیاری کراون، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بە هاووڵاتیی دەڵێت؛ کە تۆ بڕۆی بۆ دەنگدان یاخود نا، کورسییەکانی سلێمانی هەر 18یە و دیاری کراوە. ئەوەش کاریگەری هەیە، بانگەشەی سیاسی و بەرنامەی سیاسی لایەنەکانی بەشدار لە هەڵبژاردن، چۆن وا دەکات لەگەڵ دیاری کردنی کورسی هەر پارێزگا و هەر بازنەیەک، چۆن دەتوانێت زۆرترین کورسی بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
لە ڕووی سیاسییەوە، چاودێران هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی دەنگی پووچەڵ و لە سلێمانی بۆ فشارکردن لە دەنگدەر و ڕووداوەکانی لالەزار دەگەڕێننەوە، لەگەڵ ئەوە دۆخى خزمەتگوزارى شارەکە و پشتیوانى کردنى بزوتننەوەى گۆڕانیش بۆ سوتانى دەنگ وەک هۆکار خویندنەوەیان بۆ کراوە.
کامەران غەریب، چاودێرى سیاسى دەڵێت: کۆمەڵێک هۆکار هەبووە بۆ ئەوەی دەنگی پوچەڵ لەم سنوورەدا زیاد بکات، هۆکارێکیش چەند سەرۆکێکی ئۆپۆزسیۆن لە زینداندان، لەناو سلێمانیشدا بینەری ڕووداوێکی نەخوازراوبووین کە بوو بە بەرەی شەڕ واتە تانک و تۆپ تێیدا بەکار هات، هۆکاری دیکەش ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و ئابووری ناسەقامگیری، لە سنووری سلێمانی کە بووەتە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکێک هەبن ناڕازی بن بۆ لایەنێکی لۆکاڵی لە سلێمانیدا دەنگەکانیان پوچەڵ بکەنەوە و بیخەنە سندوقی دەنگدانەوە.
11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەسەرجەم پارێزگاکان ئەنجامدرا، ڕێژەی 54%ـی دەنگدەران لە سەرتاسەری عێراق بەشداربوون، پارتی دیموکراتی کوردستان توانی بە یەک ملیۆن و 75 هەزار و 840 دەنگ زۆڕترین دەنگ بەدەستبهێنێت.
