رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: متمانەبوون بە ڤاکسین، زۆر گرنگە بۆ کۆتاییهێنان بە کۆرۆنا
"مەترسی هەیە بەهۆی بێمتمانەیی خەڵکەوە، کاریگەرترین ڤاکسینیش بێ سوود بێت"

K24 - هەولێر
لەکاتێکدا جیهان بەبۆنەی گەیشتنە قۆناغەکانی کۆتایی بەرهەمهێنانی ڤاکسینێک بۆ پەتای کۆرۆنا، خەریکە ئاهەنگدەگێڕێت، بەرپرسێکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات لەوەی ئەو مەترسییە هەیە؛ بەهۆی بێ متمانەیی خەڵکەوە کاریگەرترین ڤاکسینیش بێسوود بێت.
"ڤاکسینێک، کە لە فرێزەر، ساردکەرەوە یان رەفەیەک دادەنرێت و بەکارنایەت، هیچ یارمەتیدەر نابێت لە کۆتاییهێنان بە پەتایەکی جیهانی"، ئەمە گوتەی کەیت ئۆبرایان، بەڕێوەبەری بەشی بەرگرییە لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس (AFP).
هەریەک لە کۆمپانیاکانی دەرمانسازیی فیزەری ئەمەریکی و بایۆ ئێن تێکی ئەڵمانی بە هاوبەشی رۆژی دووشەممە رایانگەیاند، ئەو ڤاکسینەی ئەوان دروستیان کردووە، لە قۆناغی سێیەمییەتی و کاریگەریی لەسەر 90٪ـی ئەوانە هەبووە کە بەکاریان هێناوە. هەروەها گوتیان؛ ڤاکسینەکەیان لە قۆناغی سێیەمدا لەسەر زیاتر لە 40 هەزار کەس تاقیکراوەتەوە.
ئۆبرایان، لەبارەی ئەو ئەنجامە سەرەتاییە دەڵێ "زۆر گرنگە"، هیواخوازیشە بەمنزیکانە ئەنجامی بەرهەمهێنانی چەند ڤاکسینێکی دیکەی دژی کۆرۆنا هاوشێوە بن.
بەڵام بەهۆی ئەوەی پەتای کۆرۆنا تاوەکو ئێستا نزیکەی ملیۆنێک و 300 هەزار کەسی جیهانی کوشتووە، ئۆبرایان دوودڵە بەهۆی ئەوەی "دوودڵیی و بێمتمانەیی خەڵک بەرامبەر ڤاکسینەکە لە زیادبووندایە، ئەمەش بەهۆی زانیاریی هەڵە".
بەرپرسەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێ "ئێمە، سەرکەوتوو نابین لە کۆنترۆڵکردنی ئەو پەتا جیهانییە، بە بەکارهێنانی ڤاکسین، تەنیا ئەوکاتە نەبێت، کە خەڵک ئامادەییان تێدابێت ڤاکسینەکەیان لێ بدرێت".
هەروەها دەڵێ "دەبێت متمانە هەبێت لەوەی ئێمە وەکو رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کە خەریکی هەڵسەنگاندنی ڤاکسینین، بەهیچ جۆرێک کەمتر لە سەلامەتی و کاریگەریی لە هیچ ڤاکسینێک قبوڵ ناکەین".
ئێستا ژمارەیەک ڤاکسین لە قۆناغەکانی کۆتایی تاقیکردنەوەدان، ئۆبرایان دەڵێ "ئامانجمان ئەوەیە هەموو وڵاتێک تاوەکو کۆتایی ساڵی 2021 بەڕێژەی 20٪ـی دانیشتووانەکەی ڤاکسینی دژی کۆرۆنای لەبەردەست بێت".
ئامانجی رێکخراوەکە ئەوەیە؛ سەرەتا کارمەندانی تەندروستی ڤاکسینەکەیان پێبدرێت، دواتر ئەوانەی مەترسییان لەسەرە، ئینجا ئەو کەسانەی کە بوونیان پێویستە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بەردەوام بێت، وەک مامۆستاکان، دواتریش وەک ئۆبرایان باسی دەکات "دەکەوێتە سەر حکومەتی وڵاتەکان، کە چۆن رێککەوتنیان کردووە بۆ ئەوەی ڤاکسینەکە بەدەستبهێنن و دابەشی بکەن".
ئۆبرایان بەمشێوەیە وەسفی بەرهەمهێنان و کاریگەریی ڤاکسینی کۆرۆنا دەکات: "بەرهەمهێنانی ڤاکسینێکی سەلامەت و کاریگەر وەکو ئەوەیە کەمپێک لەژێر ئێڤرێست (بەرزترین لووتکە لە جیهان) دروستبکەیت، بەڵام بەدەستهێنانی کاریگەریی ڤاکسینەکە، بە راستی وەکو ئەوە وایە؛ بەسەر ئێڤرێستدا سەرکەوی".