فارس عیسا: حکوومەتی عێراق ڕێز لە بنەماکانی ڕێککەوتن ناگرێت

سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، دووپاتی کردەوە، ئەو کارنامەیەی کابینەی سوودانی لەسەر پێک هێنرا، ئەوەی پەیوەست بوو کورد و هەرێمی کوردستانەوە هیچی جێبەجێ نەکرا. دەشڵێت: تا کێشەی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ چارە نەکرێت، عێراق سەقامگیر نابێت.

پێنجشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2025، فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، لە میانەی بەشداری لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24ـدا گوتی: سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە پەیوەندییەکی سەقامگیری لەگەڵ بەغدا هەبێت، لە چوارچێوەیەشدا هەمیشە هەوڵی چارەکردنی کێشەکانی داوە.

سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، ئاماژەی بەوە کرد، هەر کاتێک کێشەیەک لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبووبێت، بەردەوام شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی چارەکردنی کێشەکە سەردانی پایتەختی عێراقی کردووە.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ئیرادەیەکی بەهێز لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە بۆ چارەکردنی کێشەکان هەبووە، بەڵام داخەوە ئەو ئیرادەیە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ ئەو مەبەستە نەبووە.

ناوبراو ڕوونی کردەوە، ئەگەر ئیرادەیەکی بەهێز و پابەندبوون بە دەستوور لە عێراق هەبێت، بە دڵنیاییەوە پرسی چارەکردنی کێشەکان زۆر ئاسانن.

فارس عیسا، ئاشکرای کرد، بە داخەوە هەمیشە لە چارەکردنی کێشەکاندا عێراق کات دەکوژێت. گوتیشی: ئێمە هەموو کات لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق جەختمان لە جێبەجێکردنی دەستوور کردووەتەوە.

ئەوەشی نەشاردەوە، ئەو کارنامەیەی کابینەی سوودانی لەسەر پێک هێنرا، ئەوەی پەیوەست بوو کورد و هەرێمی کوردستانەوە هیچی جێبەجێ نەکرا.

جەختی لەوەش کردەوە، حکوومەتی فیدراڵ هەمیشە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکانی پێشێل کردووە، بەم هۆیەوەش تا ئێستا ڕێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ نەکراوە و قەزاکە ئاوەدان نەکراوەتەوە و، دانیشتووانەکەشی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان.

سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، حکوومەتی فیدراڵ ڕێز لە بنەماکانی ڕێککەوتن ناگرێت، هەروەها بە پیلان پێگەی کورد لە عێراق کەم کراوەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، جێگەی داخە کە هەمیشە حکوومەتی فیدراڵ دامودەزگاکانی بۆ دژایەتییکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەکار هێناوە.

لە بارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستانەوە، فارس عیسا، دەڵێت: هیچ کاتێک حکوومەتی هەرێم ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بۆ عێراق دوانەخستووە و لە کاتی خۆیدا ڕەوانەی کردووە، هەمیشە هەرێم سەرەتا ئەو بڕە پارەیەی بۆ بەغدا ناردووە، ئینجا بەغدا مووچەی ناردووە.

سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، دووپاتی کردەوە، هه‌رێمی كوردستان خۆی به‌ هاوبه‌شی ڕاسته‌قینه‌ی عێراق ده‌زانێت، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق هزری مه‌ركه‌زییه‌ت په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن و له‌ ده‌ستوور و یاساكان دووركه‌وتوونه‌ته‌وه‌. گوتیشی: تا کێشەی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ چارە نەکرێت، عێراق سەقامگیر نابێت.

فارس عیسا لە بارەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، گوتی: بەهێزبوونی پارتی بەهێزبوونی کوردستانە، هەروەها سەرۆک بارزانی و پارەتەکەی دەتوانن هەموو لایەک پێکەوە کۆبکەنەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment