باخچەی ئاژەڵانی هەولێر بووە ئەندامی کۆمەڵەی جیهانیی باخچەکانی ئاژەڵان و ئەکواریۆمەکان

باخچەی ئاژەڵانی هەولێر
باخچەی ئاژەڵانی هەولێر

باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی جیهانیی باخچەکانی ئاژەڵان و ئەکواریۆمەکان، بەمەش بووە یەکەمین باخچەی عێراق و هەرێمی کوردستان کە ئەم ئەندامێتییەی بە دەست هێناوە.

پێنجشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2025، باخچەی ئاژەڵانی هەولێر وەک یەکەمین باخچەی عێراق، مافی ئەندامبوونی لە کۆمەڵەی جیهانیی باخچەکانی ئاژەڵان و ئەکواریۆمەکان بە دەست هێنا،  کە 45 وڵات و زیاتر لە 75 باخچە لە سەرتاسەری جیهان لە خۆ دەگرێت.

عادل سەلمان، بەڕێوەبەری گشتیی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، لەم بارەوە بە میدیاکانی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی باخچەکە بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بنیات نراوە ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵی دەگمەنی لە خۆ گرتووە، هەروەها بەردەوامی لە گەشەسەندن و هاتنی سەردانیکەران بۆ باخچەکە ئەم دەستکەوتەمان بە دەست هێناوە.

گوتیشی: یەکێک لەو ئاژەڵە دەگمەنانەی کە تازە گەیشتووەتە باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، زێبرایە (گوێدرێژی کێوی) کە ئاژەڵێکی دەگمەنی ئەفریقییە و بۆ یەکەمجارە هێنراوەتە کوردستان و عێراقیش، ئەم ئاژەڵە بەوە دەناسرێتەوە لە ژینگەی گونجاو لەگەڵ هاونەژادەکانیدا دەتوانێت بژی.

ئاماژەشی بەوەدا، هاوردەکردنی ئاژەڵە جیاوازەکانی وەک شێری سپی و پڵنگی ڕەش، لەگەڵ چەند جۆرە ئاژەڵێکی دیکە هۆکاری سەرەکی بوون بۆ وەرگرتنی ئەندامێتی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر لەم کۆمەڵە جیهانییە.

باخچەی ئاژەڵانی هەولێر لەسەر ڕووبەری زیاتر لە 500 هەزار مەتر چوارگۆشە دروست کراوە و یەکێکە لە باخچە گەورەكانی ئاژەڵان لە عێراق و ناوچەکەش، هەندێک ئاژەڵ و باڵندە لەم باخچەیەدا هەن لە جیهاندا دەگمەنن و ژمارەیان زۆر کەمە و مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.

 
Fly Erbil Advertisment