سبەی کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانیی کۆدەبێتەوە
سەرۆک فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان لە پەرلەمانی تورکیا، ئاشکرای دەکات، پاڵپشتی لە چوونی شاندێکی کۆمیسیۆنی ئاشتی دەکەن بۆ ئیمراڵی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2025، نوێنەرانی ئاک پارتی لە کۆمیسیۆن، پێش کۆبوونەوەی سبەی هەینی کۆمیسیۆن لەگەڵ ئەفکان ئەڵا جێگری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا نزیکەی50 خولەکی خایاند، دوابەدوای کۆبوونەوەکە، عەبدوڵڵا گولەر سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا ڕاگەیەنڕاوێکی بڵاوکردەوە.
عەبدوڵڵا گولەر سەرۆکی فراکسیۆنی ئاک پارتی ڕایگەیاند: لەگەڵ مەهەپە بۆچوونی ئەرێنی خۆمان لەسەر سەردانەکەی کۆمیسیۆن بۆ ئیمراڵی دەردەبڕین.
گولەر گوتی: ئەگەر کۆمیسیۆن دەنگ لەسەر سەردانەکەی ئیمراڵی بدات، ئێمە بە بەڵی دەنگ دەدەین و پاڵپشتی دەکەین، بەڵام هێشتا ناوی ئەو کەسەی کە دەچێتە ئیمراڵی دیاری نەکراوە، ئێمە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین.
سبەی هەینی، 18مین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانیی بەڕێوەدەچێت، بڕیار وایە لە کۆبوونەوەکە دا دەنگدان لەبارەی چوونی شاندێکی کۆمیسیۆنی ئاشتی بۆ ئیمراڵی بکرێت.
