ئۆفیسی هەولێری هەڵبژاردنەکان: هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بەڕێوەچوو

بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ڕایگەیاند: دوای ڵێکۆلینەوە لە تانەکان ڕەوانەی دەستەی دادوەری دەکرێن و دواتر بڕیاری لەسەر دەدرێت.

پێنجشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2025، مەڕوان محەممەد، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەشێوەیەکی زۆرباش و سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو، لە هەولێر تەنیا یەک تانە هەبووە، ئەویش پەیوەندی بە دەستکاریکردنی ئەنجامەکانەوە نەبوو، یەکێک لە کاندیدەکان تانەی هەبوو کە ئافرەتێکی دەرچوو بە کۆتا لە شوێنی دانراوە.

مەڕوان محەممەد گوتی: دوای ڵێکۆلینەوە لە تانەکان بۆ دەستەی دادوەری بەرزدەکرێتەوە، ئەگەر هیچ گرفتێکی یاسایی نەبوو، بڕیار لەسەر تانەکان دەدرێت، هەروەها لیژنەی تایبەت لە کۆمیسیاران دوای وردبینی و ڵێکۆلینەوە ڕەوانەی دەستەی دادوەری دەکەن.

گوتیشی: کێشە تەکنیکییەکان بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو زۆر کەمتر بوون تەنانەت بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، لە ڕووی یاسایەوە هیچ گرفتێکمان نەبوو.

دەربارەی دابەشکردنی کارتی دەنگدانی هاووڵاتییان، ئاماژەی بەوە دا، نزیکەی لە 92%ـی کارتەکانی دەنگدان دابەشکراون، تەنیا لە ڕۆژی هەڵبژاردن زیاتر لە شەش هەزار کارتی دەنگدان دابەشکراون.

کۆتایی دەوامی ئاسایی ئەمڕۆ پێنجشەممە دوای وادەی پێشکەشکردنی تانە بوو بۆ لایەنەکانی گومان یان سکاڵایەکیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن هەبووبێت، کە بە گوتەی غەڵای تاوەکوو کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ  کۆمیسیۆن 400 تانەی وەرگرتووە.

 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025  ئەنجامدرا و ڕێژەی بەشداری لە سەرانسەری عێراق لە دەنگدانی گشتی بریتی بوو لە 54.35% و ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەتیش 82.42% بوو.

ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی 2025 کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی عێراقی ڕاگەیاند و بەپێی یاسای هەڵبژاردنی عێراقی چەند هەنگاوێک هەن بۆ پێشکەشکردنی تانە و هەر ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان سکاڵاکان وەردەگیرێن و ماوەی سێ ڕۆژیش بەردەوام دەبێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment