وەزیری تەندروستی: هەرێمی کوردستان بووەتە پێشەنگ لەسەر ئاستی ناوچەکە لە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی چاندنی جگەر

سامان بەرزنجی
سامان بەرزنجی

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەێنێت، هەرێمی کوردستان بووەتە پێشەنگ لەسەر ئاستی ناوچەکە لە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی چاندنی جگەر و ئاشکرای دەکات، لە کابینەی نۆیەمدا 117 نەشتەرگەریی گەورە بە سەرکەوتوویی و لەسەر ئەرکی سەرۆکی حکومەت ئەنجام دراون.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە ماوەی چەندین ساڵە خزمەتگوزاریی چاندنی جگەر لە هەرێمی کوردستان بە ستانداردێکی بەرز و بە سەرکەوتوویی ئەنجام دەدرێت، بەمەش هەرێم هەنگاوێکی گەورەی لە کەرتی پزیشکیی پێشکەوتوودا بڕیوە.

ڕۆڵی راستەوخۆی سەرۆکی حکوومەت
وەزیری تەندروستی ڕوونیکردەوە، پرۆسەکە بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ و لەسەر فەرمان و ڕەزامەندیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، تا ئەمڕۆ لە چوارچێوەی کابینەی نۆیەمدا، 117 حاڵەتی چاندنی جگەر بۆ نەخۆشانی سەرجەم شار و ناوچەکانی کوردستان ئەنجام دراوە.

تێچوو و ئامارەکان
سەبارەت بە تێچووی ئەم نەشتەرگەرییانە، سامان بەرزنجی ئاشکرای کرد، کۆی گشتیی خەرجییەکان گەیشتووەتە 5 ملیار و 465 ملیۆن و357 هەزار دینار (نزیکەی 5.5 ملیار دینار).
وەزیری تەندروستی دابەشبوونی جوگرافیی نەخۆشە سوودمەندبووەکانی بەم شێوەیە خستەڕوو:

نەخۆشانی هەولێر: 48 نەخۆش
نەخۆشانی سلێمانی: 33 نەخۆش
نەخۆشانی دهۆک: 27 نەخۆش
نەخۆشانی هەڵەبجە: 5 نەخۆش


گەڕانەوەی هیوا و ڕێکاری یاسایی
سامان بەرزنجی جەختی لەوە کردەوە کە هەفتانە دۆسیەی چەندین حاڵەتی پێویست بە چاندنی جگەر بەرز دەکرێنەوە و هەمیشە ڕەزامەندیی سەرۆکی حکوومەتیان بۆ وەردەگیرێت و خەرجییەکەی لە ئەستۆ دەگرن، ئەم هەنگاوەش بووەتە هۆی ئەوەی ژیان بۆ دەیان هاوڵاتی، لە منداڵان و بەساڵاچووان بگەڕێتەوە و لە مردن ڕزگار بکرێن.

وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند، ئەم نەشتەرگەرییانە پاڵپشت بە یاسای بەخشین و چاندنی ئەندامانی لەشی مرۆڤ و بەپێی ڕێنمایی و ڕێکارە زانستی و کارگێڕییەکان ڕێکخراون و بە فەرمی ڕێگەپێدراوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment