لە هەرێمی کوردستان 30 کەناڵی ئاسمانی و 128 لۆکاڵی مۆڵەتیان هەیە
21ـی تشرینی دووەم، وەک ڕۆژی جیهانی تەلەفزیۆن دیاریکراوە، یەکێکە لە داهێنانەکانى مرۆڤایەتى بۆ گواستنەوەى وێنەى خۆشى و ناخۆشى و زانیاریی و هەروەها لە ساڵانی ڕابردوو بە کۆکەرەوەی خێزان دادەنرا.
لە ساڵی 1927 لەلایەن فیلۆ تایلەر فارنوێرس دروستکراوە و بە چەندین قۆناغدا جیاواز تێپەڕێوە، لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، زیاتر پەرەی سەند و بڵاووبوویەوە لە جیهاندا، سەردەمانێک تەنیا ڕەش و سپی بوو، دواتر گۆڕا بۆ ڕەنگاو وڕەنگ و لە سەرەتای 2000 کانەوە، تەلەفزیۆنی زیرەک دروستکرا و هاتە بازاڕەکانی جیهان.
مێژووی تەلەفزیۆن لە هەرێمی کوردستان
لە دوای ساڵی ڕاپەڕینی ساڵی 1991 کوردستان، تەلەفزیۆنیش زیاتر پەرەی سەند و چەندین کەناڵی ناوخۆیی کرانەوە و دوای چەند ساڵێک ژمارەیەک کەناڵی ئاسمانی دەستیان بە پەخش کرد.
لەم بارەیەوە شێروان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ وبڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە هەرێمی کوردستان 30 کەناڵی ئاسمانی و 128 کەناڵی ناوخۆیی مۆڵەتیان هەیە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، لە هەولێر 16 کەناڵی ئاسمانی و 85 لۆکاڵی هەن، لە سلێمانی 11 کەناڵی ئاسمانی و 34 لۆکاڵی و هەروەها لە پارێزگای دهۆکیش سێ کەناڵی ئاسمانی و نۆ کەناڵی لۆکاڵی مۆڵەتیان هەیە.
لە 17ـی کانوونی یەکەمی 1996 نەتەوەیەکگرتووەکان، 21ـی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جیهانی تەلەفزیۆن دیاریکردووە.
