هەولێر.. بۆ ماوەی هەفتەیەک پێشانگە و فێستیڤاڵی ئاشتی بەڕێوەدەچێت
پێشانگە و فێستیڤاڵی ئاشتی دەستپێدەکات و سەدان کتێبی تازە چاپکرا و بەرهەمی دەستی نمایش دەکرێن.
ئەمڕۆ هەینی، 21ـی تشرینی دووەمی 2025، ئاشتی شێرکۆ، ڕێکخەری پێشانگەکە، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: چوارەمین پێشانگەی کتێب و فێستیڤاڵی ئاشتی پێنجشەممەی داهاتوو 27ـی تشرینی دووەمی 2025، دەستپێدەکات و چەندین بڕگەی جیاوازی هونەری وئەدەبی و کلتووری لەخۆ دەگرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، 20 دەزگا و ناوەندەی چاپ و بڵاوکردنەوە لە هەولێر و سلێمانی بەشداربن و سەدان کتێبی تازە نمایش دەکرێن، لەگەڵ بەڕێوەچوونی ژمارەیەک کۆڕ و سیمینار بۆ نووسەر و شاعیر و توێژەران.
پێشانگە و فێستیڤاڵی ئاشتی ڕۆژانە کاتژمێر نۆی بەیانی تاوەکوو پێنجی ئێوارە بۆ ماوەی هەفتەیەک لە هۆڵی میدیا بەردەوام دەبێت.
چەندین ساڵە لە هەولێری پایتەخت گرنگی زۆر بە ڕێکخستنی پێشانگەی کتێب و شێوەکاری و هونەر و کلتووری دەدرێت، ئەمەش سوودی بۆ چەندین کەرتی جیاواز هەبووە.
