سبەی نووری مالیکی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
سبەی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بۆ مەبەستی گفتوگۆکردن لە بارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سبەی شەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2025، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، مالیکی لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ دەبێتەوە.
کوردستان24 زانیویەتی، ئامانجی سەردانەکەی مالیکی بۆ هەولێر و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆکردنە لە بارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
پێنجشەممە 20ـی تشرینی دووەمی 2025، عەباس موسەوی، ڕاوێژکاری سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: بەم نزیکانە سەرۆک مەسعود بارزانی و نووری مالیکی، دیدارێک ئەنجام دەدەن بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
ئاماژەشی دابوو، لە هەڵەکانی ڕابردوو دەرکەوت بە بێ جێبەجێکردنی بنەماکانی هاوسەنگی، هاوبەشی و سازان، ناتوانین وڵات بەڕێوە ببەین.
لای خۆیەوە فەهد جبووری، سەرکردە لە ڕەوتی حیکمە بە كوردستان24ـی گوتبوو: سەردانەکانی شاندی دانوستاندنكاری چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق بەم زووانە دەست پێدەكات.
باسی لەوەش کردبوو، ڕەوتی حیکمە کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران نابێت، بەڵام جگە لەو 12 کەسەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کاندید کردووە، ئەگەری هەیە نووری مالیکی و هادی عامریش لە ڕۆژانی داهاتوو خۆیان کاندید بکەن.
