ئاسایشی ناوخۆی حەلەب: چەواشەکارییەکانی دیمەشق ئیرادەی بەرگریی ناشکێنن

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب وێڕای ڕەتکردنەوەی بوونی پەکەکە لە شێخ مەقسوود و جەختکردنەوە لەوەی بەرگریکاران ڕۆڵەی گەڕەکەکەن، تۆمەتەکانی حکوومەتی دیمەشقی بە درۆ و چەواشەکاری وەسف کرد بۆ داپۆشینی ڕفاندنی مەدەنییەکان و پاساو هێنانەوە بۆ تاوانەکانیان.

هەینی 9ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی داوە، حکوومەتی دیمەشق لە درێژەی سیاسەتی چەواشەکاریدا، بانگەشەی ئەوە دەکات کە گوایە ئەوانەی لە شێخ مەقسوود شەڕ دەکەن پاشماوەی ڕژێم و پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکەن.

ئاسایشی حەلەب، ئەو دەنگۆیانەی بە هەوڵێکی هەرزان بۆ شێواندنی ڕاستییەکان وەسف کرد و جەختی کردەوە: بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوەیی ڕایدەگەیەنین ئەوانەی بەرگری لە شێخ مەقسوود دەکەن، تەنیا کوڕ و کچانی خودی گەڕەکەکەن و ئەرکی پاراستنی ماڵ و کەرامەتی کەسوکاریان لە ئەستۆ گرتووە، لە کاتێکدا سەرکردەکانی ڕژێمی بەعس ئێستا خۆیان لەناو دامەزراوەکانی حکوومەتی دیمەشقدا دەبیننەوە.

سەبارەت بەو تۆمەتەی کە گوایە ئاسایش 10 کەسی کوشتووە چونکە ڕەتیان کردووەتەوە شەڕ بکەن، ئاسایشی حەلەب ڕایگەیاند: ئەم چیرۆکە هەڵبەستراوە تەنیا پاساوێکی ئاشکرایە بۆ داپۆشینی ئەو تاوانانەی میلیشیاکانی حکوومەت دەیانەوێت ئەنجامی بدەن.

ئاسایش نیگەرانیی جددیی خۆی دەربڕی سەبارەت بە چارەنووسی ئەو خێزانانەی کە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە ناچار بوون گەڕەکەکە جێبهێڵن و ئاشکرای کرد کە ژمارەیەکی زۆریان لەلایەن ئەو گرووپانەوە ڕفێندراون.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کوشتن و سووتاندن و تۆقاندن پیشەی ئەو گرووپانەیە و لە کەناراوەکانی سووریا و سوەیدا لەبەرچاوی جیهان ئەنجامیان دا، ئێستاش هەمان ڕێبازی تاوانکاری لە ڕێگەی بۆردوومانی شێخ مەقسوودەوە دووبارە دەکەنەوە.

لە کۆتاییدا ئاسایشی حەلەب بەرپرسیارێتی تەواوی دۆخەکەی خستە ئەستۆی حکوومەتی دیمەشق و ڕایگەیاند: چەواشەکاریی میدیایی ڕاستییەکان ناشارێتەوە و ئیرادەی دانیشتووان بۆ بەرگری لە خۆیان ناشکێنێت.