هەسەدە: خاڵێکی سەربازیمان لە دێرەزوور بە مووشەک کرایە ئامانج
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، خاڵێکی سەربازییان لە نزیک شاری هەجین لە گوندەواری دێرەزوور لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە لە دیوی ئەوبەری فورات بە مووشەکی (RPG) کراوەتە ئامانج و تەنیا زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا، وردەکاریی هێرشێکی بۆ سەر هێزەکانیان لە گوندەواری دێرەزوور ئاشکرا کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، کاتژمێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 9ـی کانوونی دووەمی 2026، چەکداری نەناسراو لە دیوی ئەوبەری ڕووباری فوراتەوە ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی حکوومەتی سووریان ، خاڵێکی سەربازیی هەسەدەیان لە نزیک شاری هەجین لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور کردووەتە ئامانج.
هەسەدە ڕوونی کردووەتەوە کە هێرشبەرەکان مووشەکهاوێژی (RPG)یان بەکارهێناوە، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە و تەنیا زیانی ماددی بەر خاڵە سەربازییەکە کەوتووە.
لە کۆتاییدا هێزەکانی سووریای دیمووکرات جەختیان لە ئامادەیی تەواوی هێزەکانیان کردووەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.