ئیلهام ئەحمەد: ئامادەین هێزەکانمان لە شێخ مەقسوودەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات بگوازینەوە

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ڕایگەیاند لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، پێشوازی لە گواستنەوەی هێزەکانیان لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات دەکەن، بە مەرجی ئەوەی بەپێی ڕێککەوتننامەی یەکی نیسان، پاراستنی ناوخۆیی و ئەنجوومەنی خۆجێیی بۆ دانیشتووانەکە مسۆگەر بکرێت.

هەینی 10ی کانوونی دووەمی 2026 ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، ئیدارەکەیان پێشوازی لە دەستپێشخەریی هێزە نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ گواستنەوەی هێزەکانیان بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات.

لە پەیامێکدا کە ئاراستەی ڕای گشتی کراوە، ئیلهام ئەحمەد جەختی کردەوە کە پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە پێشینەی کارەکانیانە.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ڕوونیکردەوە: پێشوازی دەکەین لە پێشنیازی هێزە نێودەوڵەتییە نێوەندگیرەکان بۆ گواستنەوەی ئەو هێزانەی لە شێخ مەقسوودن بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات بە شێوەیەکی ئارام.

سەبارەت بە مەرجەکانی ئەم گواستنەوەیە، ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە داوە کە ڕەزامەندییان مەرجدارە بەوەی: دەبێت گرەنتی هەبوونی پاراستنی کوردیی ناوخۆیی و مانەوەی ئەنجوومەنی خۆجێیی بۆ دانیشتووانی هەردوو گەڕەکەکە بکرێت، ئەوەش بەپێی بەندەکانی ڕێککەوتننامەی یەکی نیسان.

ئەم لێدوانەی بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە کاتێکدایە کە گفتوگۆی نێودەوڵەتی بۆ هێورکردنەوەی دۆخی حەلەب و پاراستنی دانیشتووانی کورد لەو ناوچەیە بەردەوامی هەیە.