بەمزووانە قۆناغی دووەمی پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر تەواو دەبێت

بە ڕێژەی 98% کارەکانی قۆناغی دووەمی پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی تەواو بووە، کە بە یەکێک لە پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت. بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە، پێشبینی دەکرێت کێشەی کەمئاوی لە شاری هەولێر بۆ ماوەی 30 ساڵی داهاتوو چارەسەر بێت.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم پرۆژەیە بە گوژمەی 480 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت و لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆییەوە ئەنجام دەدرێت. قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە پێشتر کراوەتەوە و ئاوی بۆ 32 گەڕەک دابین کردووە.

قۆناغی دووەمی پرۆژەکە گەڕەک و ناوچەکانی نێوان شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری دەگرێتەوە، لە وانە عەنکاوە، 32ی پارک، کوورانی عەنکاوە، بەحرکە، گردجووتیار، سێبەردان، شاوێس و پیرزین. بە تەواوبوونی ئەم قۆناغە، زیاتر لە هەزار بیری ئاو دادەخرێن، کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی ئاوی ژێرزەوی. تا ئێستا 254 بیر بەهۆی ئەم پرۆژەیەوە داخراون.

یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی ئەم پرۆژەیە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی 24 کاتژمێرییە بۆ دانیشتووانی ئەو گەڕەکانەی لێی سوودمەند دەبن. ئەمەش دوای تەواوبوونی کارەکانی بەستنەوەی هێڵە سەرەکییەکان بە تۆڕی ئاوی گەڕەکەکانەوە دەبێت. هاووڵاتییان خۆشحاڵی خۆیان بەم پرۆژەیە دەربڕیوە و بە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی کەمئاوی ناویان بردووە.

 
Fly Erbil Advertisment