کوردستان24 هۆکاری فڕێدانی هەزاران جوچک ئاشکرا دەکات و قایمقامی پشدەریش ڕوونکردنەوە دەدات

دوای ئەوەی کوردستان24، دیمەنی فڕێدانی هەزاران جوچکی مریشکی لە نزیک گوندی پێماڵک لە قەڵادزێ بڵاو کردەوە، بە بڕیاری دادوەر دوو کەس بە تۆمەتی فڕێدانی ئەو جوچکانە دەستگیر کران.

هەینی، 21ـی تشرینی دووەمی 2025، ئەبوبەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو جوچکانە کاتێک لە هەڵهێنەرەکان دەتروکێن کورتەباڵا دەردەچن و بۆ کێڵگەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر ناشێن و گەورە نابن، بۆیە دەستگێڕەکان بە نرخێکی کەمتر دەیانکڕنەوە و هەندێک جار ڕەنگاو ڕەنگیان دەکەن و لە بازاڕ دەیانفرۆشن.

قایمقامی قەزای پشدەر، ئاماژەی بەوە کرد، دووکەس لەوانەی کە نەیانتوانیووە لە بازاڕ ئەو جوچکانە بفرۆشن و ساغیان بکەنەوە، هەڵساون بەشێوەیەکی ناتەندروست و نامرۆڤانە فڕێیان داون.

باسی لەوەش کرد، تا ئێمە بە بابەتەکەمان زانی، بەشێکی زۆر لەو جوچکانە بەهۆی سەرماوە مردار ببوونەوە و ئەوانی دیکەش لە گیانەڵادان و تەواو هیلاک ببوون.

ئەبوبەکر بایز، دەشڵێت: جگە لە دەستگیرکردن و گرنتەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دژی دوو تۆمەتبارەکە، سکاڵا لەسەر کارگەی هەڵهێنەری جوچکەکانیش تۆمار بکەین.

هاوکات لە درێژەی قسەکانیدا ئەەشی خستەڕوو، شێوازی زانستی ئەو جوچکانە کورتەباڵا دەبن و خەرجی بەخێوکردنیان زۆرە، هەر لە کارگەکانی هەڵهێنان بە شێوازی شەرعی و زانستی لەناو دەبرێن، نەک بەو شێوەیە کە شێوازێکی نامرۆڤانەیە فڕێ بدرێن و مەترسی لەسەر تەندروستی و ژینگەش بڵاو بکەنەوە.

 
Fly Erbil Advertisment