مالیکی: کورد لە عێراق لە ئەنجامی کارەکانی ڕژێمی بەعس باجی قورسی داوە
ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە ڕێککەوتنی کاتی چارەسەر ناکرێن
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ئەمڕۆ شەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕایگەیاند؛ هیچ بڕیارێک لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا نییە بۆ ڕێگریکردن لە سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی لە دەستبەکاربوونەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.
مالیکی لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی: "هیچ بڕیارێک لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا نییە بۆ ڕێگریکردن لە سوودانی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق"، ئاماژەی بەوەشکرد، "چوارچێوەی هەماهەنگی پێوەر و مەرجی تایبەتی بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو داناوە."
ئاماژەی بەوەشدا، "پێکهێنانی حکوومەت بەندە بە کۆدەنگییەوە، و دەتوانرێت لە ماوەی مانگێکدا لە دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پێکبهێنرێت"، جەختیشی کردەوە، "پێویستە کورد هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار خێراتر بکات، سوننەش سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێرێت."
سەبارەت بە هەوڵەکانی شکاندنی، مالیکی ڕایگەیاند: "هەرکەسێک هەوڵی شکاندنی من بدات، دەشکێت و زۆرێکیان پێشتر پرۆسەی سیاسییان بەجێهێشتووە." هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە "ئیرادەیەک لەلایەن چینی سیاسییەوە هەبوو بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام نەدرێت، هەر تێچووی هەبێت." و هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی دەنگدەرانی گەڕاندەوە بۆ "ئەو هەستەی کە بایکۆتێک پرۆسەی سیاسی دەخاتە خوارەوە."
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕەخنەی لە یاسای هەڵبژاردنەکان گرت و گوتی: "یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق زۆر نادادپەروەری تێدایە، دیارترین لاوازیشی سیستەمی پشکەکانە." هاوکات داوای "چاوخشاندنەوە بە یاسای هەڵبژاردن لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئەنجامانەی بەدەست هاتوون" کرد.
مالیکی سەبارەت بە سەقامگیری عێراقیش گوتی: "عێراق سەقامگیر نابێت، تا هەموو هەرێمێکی ناوەوەی سەقامگیر نەبێت، لە هەر شوێنێک بێت." هەروەها ڕەتیکردەوە، سوننەکان لە عێراق پەراوێزخرابن و ئەوانەی ئەم بیرۆکەیە بڵاودەکەنەوە بە "مرۆڤی دۆڕاو" وەسفکرد.
سەبارەت بە دۆخی کوردیش، مالیکی ئاماژەی بەوەدا: "کورد لە عێراق لە ئەنجامی کارەکانی ڕژێمی پێشووی بەعس باجی قورسی دا." جەختیشی کردەوە "ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەند بە ڕێککەوتنی کاتی چارەسەر ناکرێن بەڵکو دەبێت بە یاسا چارەسەر بکرێن." مالیکی هەروەها گوتی: "شیعەکان لە عێراق هەمان زوڵم و زۆرداری کوردیان بەسەردا دێت، لەوانەش هەڵمەتی ئەنفال و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی."
مالیکی سەبارەت بە قۆناغی دوای هەڵبژاردن ڕایگەیاند: "پڕۆسەی سیاسی دوای هەڵبژاردن وا دەخوازێت بچمە هەولێر بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە ئاڵۆزییەکان." سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێش، گوتی: "پێکهێنانی حکوومەت پەیوەستە بە تەوافوق، و دەکرێت مانگێک دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان پێکبهێنرێت."
لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، مالیکی ڕوونی کردەوە: "ئێمە نامانەوێت بەشێک بین لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئەمەریکا؛ بەڵکو دەمانەوێت ڕۆڵی نێوەندگیری ببینین." هەروەها جەختی کردەوە "عێراق نابێتە لایەنێک لە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم یان ڕێککەوتنە ئەمنییەکان لەگەڵ ئیسرائیل."
سەبارەت بە فراکسیۆنە چەکدارەکان، مالیکی ئاشکرای کرد: "فراکسیۆنە چەکدارەکان خواستی خۆیان بۆ تێکەڵبوون بە دەوڵەت و تەسلیمکردنی چەکی قورسیان دەربڕیوە."
لە کۆتاییدا، مالیکی ئاماژەی بەوەدا کە "سەرۆک وەزیرانی داهاتوو ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە، دیارترینیان قەیرانی داراییە."
ڕۆژی یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەت و دوو ڕۆژ دواتریش سێشەممە، دەنگدانی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت، 82.42% و لە دەنگدانی گشتیش، نزیکەی 54.35% بوو.