بەوێنە و ڤیدیۆ.. خۆپیشاندانی لایەنگرانی ترەمپ لە واشنتن
کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی ترەمپ بەنێو خۆپیشاندەراندا رەت بوو
K24 - هەولێر
هەزاران کەس بۆ پاڵپشتیکردن لە دۆناڵد ترەمپ و لە دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا لە واشنتن خۆپیشاندانیان کرد، رەتبوونی کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی ترەمپیش بەنزیک لایەنگرانی، دڵخۆشی کردن.
لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوێنێ (شەممە، 14-11-2020) لەبەردەم کۆشکی سپی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا لە دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
لە تویتێکیشدا ترەمپ، ئاماژەی بەوە کردووە بەڵگەی پێویستیان لەبەردەستدایە، کە دەیسەلمێنن ساختەکاری گەورە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و ئەنجامەکاندا کراون، هەروەها رێگەش بە چاودێرانی کۆمارییەکان نەدراوە بچنە ژووری جیاکردنەوەی دەنگەکان.
بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بۆ ساڵی 2020، جۆو بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان سەرکەوتوو بووە و دۆناڵد ترەمپی کاندیدی کۆمارییەکان نەیتوانی سەرۆکایەتیی چوار ساڵی داهاتووی ئەمەریکا بەدەست بهێنێت.
ترەمپ، ئاماژەی بەوەشکردووە؛ ساختەکارییەکان لە ویلایەتەکانی میشیگان، پێنسلڤانیا، جۆرجیا و چەند ویلایەتێکی دیکە کراون، کە ئەمەش کارێکی نادەستوورییە.
هـ.ر.













