نەیجیریا.. چەکدارانی نەناسراو زیاتر لە 300 قوتابی و مامۆستایان ڕفاند
چەکدارانی نەناسراو زیاتر لە 300 قوتابی و مامۆستایان لە بەشی ناوخۆیی قوتابخانەیەکی کاسۆلیکیی لە ناوەڕاستی نەیجیریا ڕفاند، ئەمەش دووەم ڕووداوی ڕفاندنی قوتابییانە لە ماوەی هەفتەیەکدا.
کۆمەڵەی مەسیحیی نەیجیریا، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندووە "بەرەبەیانی هەینی، 21ـی تشرینی دووەم 2025، چەکدارانی نەناسراو 303 قوتابی و 12 مامۆستایان لە بەشی ناوخۆیی قوتابخانەی سانت ماریی کاسۆلێکی لە ویلایەتی نەیجەر ڕفاندووە. پاش ئەوەی چەند ڕۆژ پێشتر 25 کچە قوتابییان لە قوتابخانەیەکی کاسۆلیکی لە ویلایەتی کیبی لە باکووری وڵاتەکە ڕفاند."
دانیال ئەتووری، گوتەبێژی کۆمەڵەی نیشتمانیی قوتابیان، بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای گوت: قوتابییە ڕفێنراوەکان کوڕ و کچن و ژمارەیەکیان لە کاتی پەلاماری چەکداراندا توانیوویانە خۆیان ڕزگار بکەن.
ڕفاندنی قوتابییان لە نەیجریا بووەتە دیاردە و گەورەترین کرداری ڕفاندنی قوتابییان لە ساڵی 2014 لە لایەن گرووپی چەکداریی 'بوکوو حەرام' وە بوو کە 300 قوتابییان لە ویلایەتی بورنۆ ڕفاند.
حکوومەتی خۆجێیی ویلایەتی نەیجەر، بڕیاری داخستنی کاتیی سەرجەم قوتابخانە ناوخۆییەکانی ویلایەتەکەی دا و ڕایگەیاند "بە داخەوە قوتابخانەی سانت ماری، بەبێ ئاگاداریی و مۆڵەتی حکوومەتی خۆجێیی ویلایەتەکە، کارە ئەکادیمییەکانی خۆی دەست پێ کردووەتەوە و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژیانی قوتابی و مامۆستاکان بکەوێتە مەترسییەوە، کە دەکرا ڕێگریی لێ بکرێت."
سەرچاوەیەکی ئاگەدار، بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای ڕاگەیاند "ڕفێنراوەکانی قوتابخانەی سانت ماری بۆ دارستانی بیرنین غواری، لە ویلایەتی کادۆنا، گوێزراونەتەوە."
دارستانی بیرنین غواری، بنکەی ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارە تاوانکارەکانی سەر بە ڕێکخراوی 'ئەنسارو'ی تێدایە. بەڵام تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە ئەو قوتابی و مامۆستایانە لە لایەن چ گرووپێکەوە ڕفێنراون.
بولا تینیبۆ، سەرۆک کۆماری نەیجیریا، هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی خستووەتە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە و هێزەکانی پۆلیسیش بۆ گەڕان بەدوای قوتابییە ڕفێنراوەکاندا ڕەوانە ناوچەکە کراون.
