سووریا.. دەستبەسەر 90 هەزار حەبی کاپتاگۆندا گیرا

وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەستبەسەرداگرتنی 90 هەزار حەبی کاپتاگۆن و دوو بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانی لە لادێکانی دیمەشق ڕاگەیاند.

وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە پلاتفۆرمی  'ئێکس' ڕایگەیاند، بەشی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگای لادێکانی دیمەشق، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ناوخۆ لە ناوچەی ئەلتەل، ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا و دوو بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانیان دەستگیرکرد.

وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشدا، ئەو دوو بازرگانەی ماددە هۆشبەرەکان لە ساتی دەستگیرکردنیان 90 هەزار حەبی کاپتاگۆنیان پێبووە مەبەستیان بووە لە ناوچەکە دابەشی بکەن و بیفرۆشن.

وەزارەتی ناوخۆ ڕاشیگەیاند، ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەریان گیراوەتە بەر و ڕەوانەی دادگا کراون بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر.

لە وەتەی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2011ەوە دەستیپێکردووە تا ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، حەبی کاپتاگۆن گەورەترین هەناردەی سووریا بووە، فرۆشتنی ئەم ماددەیە سەرچاوەیەکی سەرەکی بووە بۆ دابینکردنی بودجە بۆ ڕژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی هەڵاتووی سووریا.

لە دوای ڕووخانی ئەسەدەوە، حکوومەتی نوێی سووریا دەستی بەسەر ملیۆنان حەبی کاپتاگۆندا لەو وڵاتەدا گرتووە.

لەکۆتایییەکانی مانگی ڕابردوو، لە یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ئەمساڵدا، بەشی دژە ماددە هۆشبەرەکانی حمس توانی بەقاچاخبردنی زیاتر لە 11 ملیۆن حەبی کاپتاگۆن پووچەڵ بکاتەوە کە لەناو ئۆتۆمبێلێکدا شاردرابووەوە لە لوبنانەوە هاتبوو بۆ لادێکانی باشووری حمس.

 

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment